سوپای ئیسرائیل: هێرشەکان بۆ سەر لوبنان بەردەوامن

حزبوڵلا لە بەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند، بۆردومانی فڕۆکەخانەی سەربازیی مەجیدۆ و بنکەی پشتیوانیی لۆجستی ئامۆس و کۆگایەکی تەقەمەنی لە زیخرۆن کە 60 کم لە سنوورەوە دوورە، کردووە.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر لوبنان بەردەوام دەبن، ئەگەر بێت و حزبوڵلا دەست هەڵنەگرێت لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ حزبوڵڵا کۆمەڵێک بەیاننامەی بڵاوکردەوە و تێدا پەلاماردانی فڕۆکەخانەی مەجیدۆ بۆ جاری سێیەم و بنکە نوێیەکانی ئیسرائیلی ڕاگەیاند:

*بۆمبارانی فڕۆکەخانەی سەربازیی مەجیدۆ لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بە مووشەکی فادی 1 و فادی 2.

*بۆمبارانی بنکە و فڕۆکەخانەی ڕامات دایڤید بە مووشەکی فادی 2

*بۆمبارانی فڕۆکەخانەی سەربازیی مەجیدۆ لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بە مووشەکی فادی 2

*لێدانی بنکەی ئامۆس (بنکەی سەرەکی بۆ گواستنەوە و پاڵپشتی لۆجستی بۆ ناوچەی باکوور) بە مووشەکی فادی 1

*لێدانی کارگەی کەرەستەی تەقەمەنی لە ناوچەی زیخرۆن کە 60 کم لە سنوورەوە دوورە، بە مووشەکی فادی 2

*بۆردومانی فڕۆکەخانەی سەربازیی مەجیدۆ لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بە مووشەکی فادی 2

لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل ڕاپۆرتی چاودێریی هەڵدانی 20 موشەک لە باشووری لوبنانەوە بڵاو کردەوە و بەشێکیان ڕێگرییان لێ کراوە و هەندێکیان لە ناوچەکانی دیکە کەوتوون.

سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای هۆشداریدان لە ناوچەی هاعمکیم، ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراون و سیستمی بەرگری ئاسمانی IDF بەشێک لە مووشەکەکانیان گرتووە و ژمارەیەک مووشەکیش لە ناوچەکانی دیکە کەوتوونەتە خوارەوە.

هاوکات چەکدارانی ئیسرائیل لە بەیانی ئەمڕۆدا زنجیرەیەک هەڵمەتیان دەست پێ کرد و چەند شارۆچکەیەکی باشووری لوبنانیان کردە ئامانج، لەوانە ئەلسوڵتانییە، کفردونین، و دوایر.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، کەوتە ڕۆژی دووەمە و ئەوەش لەدوای ئەو هێرشانەی حزبوڵلا بۆسەر بنکەکانی ئیسرائیل بۆمباران کرد، لەبەرامبەردا فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل بەدرێژایی ڕۆژ هێرشی ئاسمانی توندیان بۆسەر شوێنە جیاوازەکانی لوبنان دەست پێ کرد.

 وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ڕۆژی دووشەممەدا بۆ 492 کوژراو بەرزبووەتەوە، کە 35 منداڵ و 58 ژن و هەزار و 645 بریندارن، هەروەها پێ دەچێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە.

هەزاران لوبنانی لە باشووری لوبنانەوە بەرەو بەیروت و باکوور ئاوارە بوون و حکوومەتی لوبنان کردنەوەی قوتابخانەکانی داڵدەدانی ئاوارەکانی ڕاگەیاند.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوێندی خوارد ئەگەر حزبوڵلا هێرشی زیاتر بکات، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان فراوانتر دەکات، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوەی ئیسرائیل دەیکات "گۆڕینی هاوسەنگی هێز"ە.

ناتانیاهۆ هۆشداری بە ئیسرائیلییەکان دا ئێمە لەبەردەم ڕۆژانی سەخت و درێژداین و داوای لە هەمووان کرد گوێڕایەڵی هۆشدارییەکانی بەرەی جەماوەری بن، جەختی لەسەر پێویستی "بەیەکەوە ڕاوەستان تا سەرکەوتن" کرد.

ڕۆژی دووشەممەوە، 23-09-2024، زیاتر لە 300 پێگە و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانیان لە شارۆچکەکانی کەرتی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆمباران کردووە.

یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵ12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستە لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات "قۆناغێکی نوێی شەڕە" و داوای لە هاونیشتمانییانی کرد "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئارامیی خۆیان ڕابگرن".

لەلایەکی دیکەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی سەر پێگەکانی حزبوڵلای لوبنانی، "هێرشێکی پێشوەختە بووە" دوای ئەوەی زانیویانە حزبوڵلا ئامادەکاریی دەکات هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل.

 

Fly Erbil Advertisment