عێراق لە ڕیزبەندی 32مین وڵاتانی بێکارە
ئەمساڵ عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتان لە ڕێژەی بێکاری لە پلەی 32ـەمیندایە و زیاتر لە 14%ـی هاووڵاتییانی بێکارن، بەگوێرەی ڕیزبەندییەکەیە ڕێژەی بێکاری لە عێراق لە کۆریای باکوور زیاترە، هەروەها لە ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی، عێراق لە پلەی نۆیەمدایە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە عێراق جارێکی دیکە تیشك دەخاتە سەر بەردەوامیی کێشە ئابوورییەکان. لەبری ئەوەی لە باشی خزمەتگوزاری و سەقامگیریی ئابووری لە ڕیزبەندی یەکەمەکانی جیهان بێت، عێراق لە پێشەوەی ڕیزبەندی ڕێژەی بێکارییە لە جیهان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی سی ئی ئۆ وۆڕڵدی ئەمەریکی، لە 212 وڵات و ناوچە لە جیهان سوودان لە پلەی یەکەم دێت و ڕێژەی بێکاریی لەو وڵاتە لە %49.5ـە، هەروەها پاکستان لە پلەی دووەمدایە و ڕێژەکە لە %48.ـە، ئەفریقای باشوور لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی ڕێژەی بێکارییە و ڕێژەکە %33.5ـە، عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان لە ڕووی ڕێژەی بێکاری لە پلەی 32ـەمین دێت و ڕێژەی بێکاری لە %14.2ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە کۆریای باکوور لە %2.7ـە.
هاوکات لە وڵاتانی یەکەمی ڕیزبەندییەکە لە ڕووی ڕێژەی بێکاری، چواریان وڵاتانی عەرەبین، هەروەها حەوت وڵات لە کیشوەری ئەفریقان.
لە ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی، سوودان لە یەکەمی ڕیزبەندییەکەیە و جیبوتی لە پلەی دووەمە و فەڵەستین لە پلەی سێیەمە، عێراق لەپلەی نۆیەم دێت.
لە ڕووی نزمی ڕێژەی بێکاری، قەتەر لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکەیە و ڕێژەی بێکاری لە %0.3ـە.