پەرلەمانتارێکی عێراق: قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له کەرتی خانووبه‌ره گەیشووەتە ئاستێکی مه‌ترسیدار

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه "قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له کەرتی خانووبه‌ره زۆر گه‌وره و مه‌ترسیداره و چی دیکە ناتوانین به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییه بێده‌نگ بین".
گه‌نده‌ڵی له عێراق ته‌واوی جه‌سته‌ی ئه‌و وڵاته‌ی ته‌نیوه، په‌له‌كانی ئه‌و په‌تایه خۆی گه‌یاندووه‌ته قووڵایی سه‌رجه‌م جومگه‌كان و خه‌ریكه به‌یه‌كجاری كه‌رتی زه‌ویوزار و خانووبه‌ره‌ش قووت ده‌دات و په‌رله‌مانتارێكیش دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێت كه قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌و سێكته‌ره، گه‌وره و مه‌ترسیداره.
یاس حوسه‌ینی، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ دووپاتی كرده‌وه، هیچ ژماره‌یه‌كی ڕاسته‌قینه بۆ پێوانه‌كردنی گه‌نده‌ڵی له كه‌رتی زه‌ویوزار و خانووبه‌ره له‌به‌رده‌ست نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانرێت قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌و كه‌رته زۆر گه‌وره و مه‌ترسیداره و چه‌ندین لایه‌نی ده‌ستڕۆیشتووش له‌و بابه‌ته‌دا تێوه گلاون.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "به‌هۆی هه‌ژموونی سیاسی، به درێژایی چه‌ندین ساڵی ڕابردوو په‌ڕاوێكی لێكۆڵینه‌وه دەربارەی گه‌نده‌ڵیی له‌و كه‌رته‌دا نه‌كراوه‌ته‌وه و به‌رامبه‌ر بێده‌نگییه‌كانی حكوومه‌ت و لە دوورەوە سه‌یركردنی لایه‌نی چاو‌دێر، تا دێت مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر عێراق زیاتر ده‌بن".
حوسه‌ینی ڕوونیشی کردەوە "ده‌كرێت له‌بری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری كۆشك و موڵكی ده‌وڵه‌ت له لایه‌ن كه‌سانی ده‌ستڕۆیشتوو، بكرێنه ده‌رفه‌تێك بۆ وه‌به‌رهێنانێكی ڕاسته‌قینه، بۆیه به‌م نزیكانه هه‌ڵوێستێكی ڕاسته‌قینه‌مان له‌ناو په‌رله‌مان له‌باره‌ی ئه‌و دۆسییه ده‌بێت".
چاودێران و پسپۆڕان له‌و باوه‌ڕه‌دان، دیارترین ده‌رهاویشته‌ی جه‌نگی عێراق له ساڵی 2003، سه‌رهه‌ڵدانی ژماره‌یه‌كی زۆری گرووپه میلیشیا و حزبه سیاسییه‌كان بووه، له‌وانه‌ش ژماره‌یه‌كیان له‌ناو ده‌وڵه‌ت باڵاده‌ستن و ده‌ستیان به‌سه‌ر سامانی هاووڵاتیاندا گرتووه و دواتریش فراوانخوازییهكانیان سامان و موڵكی ده‌وڵه‌تیشی له به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق گرتووه‌ته‌وه، گرووپه چه‌كدار و میلیشیاكانیش له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ن و حكوومه‌تیش به‌رامبه‌ر پهلهاوێشتنهكانیان بێده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌وه‌ستانه.