هاوپەیمانیی یەکگرتووی ئەنبار: ئەنبارییەکان هەڵوێستی بەرز و مرۆیی خەڵکی کوردستان لە بیر ناکەن
هاوپەیمانی یەکگرتووی ئەنبار، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "ئەنبارییەکان هەڵوێستی بەرز و مرۆیی سەرکردایەتی و خەڵکی بەخشندەی کوردستان لە سەردەمی قەیرانی ئاوارەبووندا لەبیر ناکەن، بەو پێیەی کوردستان پەناگەیەکی ئارام بوو بۆیان".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "خەڵکی ئەنبار و پارێزگاکانی ڕۆژئاوا هەڵوێستی بەرز و مرۆیی سەرکردایەتی و خەڵکی بەخشندەی کوردستان لە سەردەمی قەیرانی ئاوارەیدا لەبیرە، کە کوردستان پەناگەیەکی ئارام بووە بۆیان".
ئاماژە بەوەش دراوە "هاوپەیمانیی یەکگرتووی ئەنبار سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتی و گەلی کوردستان دەکات بۆ هەڵوێستەکەیان، لە هەمان کاتدا سەرمان سوڕماوە لەو بێ منەتییەی کە لە لێدوانی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی سەر بەم پارێزگایانەدا هاتووە بەرامبەر بە کوردستان و گەلەکەی، ئەمانە هەڵوێستە گەورە مرۆییەکان لەبیر دەکەن بۆ بەرژەوەندی سیاسی تەسکی خۆیان".
هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، هێزەکانی پێشمەرگە کە بەشدارییان لە شەڕی دژی تیرۆردا کردووە و شەهیدیان داوە، هەروەها بەشێکن لە سیستەمی بەرگری نیشتمانیی بەپێی دەستووری عێراق، و بانگەشەی مێدیایی لەو بارەوە، مەبەست لێی گەیشتنە بە دەستکەوتی سیاسی بچووک.