سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات

پۆلێکی قوتابییان لە قوتابخانەی شێخانۆک نوێی سەر بە قەزای ئاکرێ (وێنە: مشتاق کەریم خان)
پۆلێکی قوتابییان لە قوتابخانەی شێخانۆک نوێی سەر بە قەزای ئاکرێ (وێنە: مشتاق کەریم خان)

بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکان؛ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.

سبەینێ چوارشەممە، 25-09-2025، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە قوتابخانە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان لێ دەدرێت.

د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و 720 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومەتی و زیاتر لە 132 هەزار قوتابیی قوتابخانە ناحکوومەتییەکان دەست پێ دەکات.

وەکوو ئەوەی سیوەیلی باسی کرد، وەزارەتی پەروەردە خاوەنی زیاتر لە 118 هەزار مامۆستای دامەزراو (میلاک) و زیاتر لە 38 هەزار مامۆستای گرێبەستە و هەمووان پێکەوە ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوە دەبەن.

ژمارەی کتێبی چاپکراو

حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە گوژمەی زیاتر لە 24  ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە".

بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشی کردەوە "سەرجەم کتێبەکان لە ئیمارات چاپ کراون و بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، 57 کتێب بە دیزاین و ناوەڕۆکی نوێیەوە ئامادە و چاپ کراون".

حەسەن سەرتیپ باسی لەوەش کرد "شێوازی نوێی دیجیتاڵی لە ئامادەکردن و چاپکردنی کتێبەکان بەکار هێنراوە. بۆیە، کاتێک پسۆڕانی پەروەردەیی لە ئیمارات، کتێبی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانیان بینیوە دەستخۆشییان لێمان کرد و ستایشی جوانیی دیزاین و ناوەڕۆکی کتێبەکانمانیان دەکرد".

دروستکردنی باڵەخانەی نوێ

بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە دەکەونە خزمەتی قوتابییان؛ بەوپێیەش سیستەمی دوو دەوامی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروست کراون و 1660 قوتابخانە نۆژەن کراوەتەوە؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە کەرتی حکوومەتیدا کراوەتەوە.

بەرزکردنەوەی کوالیتیی خوێندن

لەسەر ئاستی کوالیتی خوێندن، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستەی متمانەبەخشینی لەسەر پێشنیاز و داواکاریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دامەزراند کە ستانداردی گونجاو دادەنێت بۆ پرۆسە و پرۆگرامی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

پاداشتکردنی مامۆستا و قوتابییان

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەر مامۆستایەک زۆرترین قوتابی هان بدات بۆ خوێندنەوە، وەکو مامۆستای هاندەری ساڵ بۆ خوێندنەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و خەڵات دەکرێت.

بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، هەر قوتابییەکیش لەسەر ئاستی قوتابخانە، زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەییەوە خەڵات دەکرێت.

کوردستان کەوتە سەرنەخشەی هەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردەیی

لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ⁠بۆ یەکەمین جار کوردستان کەوتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردەیی لەسەر ئاستی جیهان بە بەشداریکردنی هەڵسەنگاندنەکانی ( تیمس) و (پیسا).

سەرەڕای ئەمەش، لە سەردەمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ⁠یاسای پەروەردە و رێکخستنەوەی ڕێنمایی و یاساکان دەرچوو. هاوکات ⁠ڕێکخستنەوەیەکی باشتر بۆ کەرتی خوێندنی ناحکوومەتی کراوە.

بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (74) قوتابخانە کارەبای بە سیستمی وزەی خۆر بۆ دابین کراوە، کە 33 قوتابخانەیان لە سەر بودجەی ڕێکخراوی یونسێف بووە.

پەروەردە پلانی داناوە بۆ ئەوەی 72 قوتابخانەی دیکەش دابینکردنی کارەبای بکرێتە وزەی خۆر لە سەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بەر پرۆسەی خوێندن

گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بە هەر هۆیەک بەر پرۆسەی خوێندن؛ یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، زیاتر لە 26 هەزار کەس لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.

کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری

پێش ئەوەی کابینەی نۆیەم دەست بەکار ببێت، ڕێژەی نەخوێندەواری لە ساڵی 2018، سەدا 24 بوو، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی لە ماوەی چوار ساڵدا ڕێژەکە تا ڕادەیەکی زۆر کەم بکاتەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵی 2022، ڕێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 16 کەمی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵیش زیاتر کەم ببێتەوە.