وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: خوازیاری باشترین پەیوەندیین لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە؛ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سوودانی و بلینکنیش بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24-09-2024، سام وێلبێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی و ژمارەیەک پرسی دیکە؛ وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی لە واشنتن دایەوە.
کۆبوونەوەی سوودانی و بلینکن
دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک، کۆبوونەوە.
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کۆبوونەوەکەی نێوان سوودانی و بلینکن بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و وەکوو خۆی گوتی، "بەرهەمدار بوو و پڕ بوو لە گفتوگۆ لە بارەی زۆرینەی پرسە گرنگەکان کە پەیوەستن بە پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا؛ بەتایبەت هەوڵەکانی هەردوولا بۆ کەمکردنەوەی گرژیییەکانی ناوچەکە".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە گوتەی وێلبێرگ، سوودانی و بلینکن باسیان لە "هەوڵە هاوبەشەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش" و "داهاتووی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق" کرد.
ئەمەریکا، وەکوو ئەوەی گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە جەختی لێ کردەوە "دەیەوێت پەیوەندییەکی زۆر باشی سەربازیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت؛ بۆیە سەرباری هەموو گۆڕانەکان، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ عێراق و چاودێریی سەقامگیریی ئەو وڵاتە و ناوچەکە بە گشتی".
گفتوگۆی نێوان حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی
چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە نێوان حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە واشنتن بەڕێوە بچێت. وێلبێرگ باسی لەوە کرد "جارێ زووە باس لە ئەنجامی گفتوگۆکانی تایبەت بە داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکەین".
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە "عێراق توانایەکی زۆر باشی ئابووریی هەیە و ئێمەش دەمانەوێت وەبەرهێنان لەم توانا ئابوورییەدا بکەین و پەرە بە پەیوەندییەکانمان لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بدەین".
شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی
لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە، 23-09-2024، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە، سەدان پێگەی سەربازیی حزبوڵلای لوبنانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان بۆمباران کردووە و بەهۆیەوە لانیکەم 270 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی لوبنان، بە گوتەی وێلبێرگ، ئەمەریکا "لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی لوبنان دەکات و لە ڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانییەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و فراوانترنەبوونی شەڕەکە دەکات".
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێی وایە "میلیشیاکانی سەر بە ئێران، لە نێویشیاندا، حیزبوڵلای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن دەیانەوێت (شەڕەکەی باشووری لوبنان) بەرفراوانتر ببێت و گرژییەکانیش زیاتر بن".
ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ئەمەریکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دووشەممە 23-09-2024، جەنەڕاڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەکو کردەیەکی خۆپارێزی، ژمارەیەک سەربازی دیکەی ئەمەریکی بۆ ئەو ناوچەیە دەنێرین، ئەمەش بۆ بەهێزترکردنی ئەو سەربازانەمانە کە ئێستا لەوێن".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی زیاتریی ئەمەریکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "وەکوو ئامادەکاریی بۆ هەر سیناریۆیەک" لە قەڵەم دا و دووپاتی کردەوە "ئێمە وەکوو ئەمەریکا پێویستە بەردەوام ئامادەبین بۆ هەر جۆرە سیناریۆیەک و هەموو هەوڵێک بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی زیاتری شەڕی ناوچەکە دەدەین. لە هەمان کاتدا، دەمانەوێت پەیامێک بۆ ئێران و میلیشیاکانی بنێرین کە نامانەوێت گرژییەکان زیاتر ببن".