تیمێکی پزیشکیی ئیتاڵی نەشتەرگەریی دەگمەن بۆ منداڵانی دهۆک دەکات

سێشەممە، 24-09-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە تیمێکی پزیشکیی ئیتاڵی بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ولى پینتوو و بەرپرسی ڕێکخراوی "هیڤیی نازداران" کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆک، لە کۆبوونەوەکەدا کە د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک، ئامادەی بوو "باس لە بارنامەی تیمەکە بۆ کردنی ژمارەیەک نەشتەرگەریی دڵ بۆ ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون" کرا.
پارێزگاری دهۆک، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕۆڵی تیمەکە و ڕێکخراوی 'هێڤیی نازداران' بەرز نرخاند بە تایبەت بۆ کردنی نەشتەگەریی دەگمەن بۆ منداڵانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئامادەبوونی خۆی بۆ هاوکاریی تیمەکە دووپات کردەوە".
لە قۆناغی یەکەمەدا، تیمە پزیشکە ئیتاڵییەکە، نەشتەرگەریی بۆ 10 منداڵی نەخۆش لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکەن کە ئەو منداڵانە لە زگماکییەوە تووشی نەخۆشیی دڵ بوونە.
ڕێکخراوی هێڤیی نازداران ساڵی 1998 دامەزراوە و تا ئێستە زیاتر لە 900 منداڵ، کە نەخۆشی دڵیان هەبووە، لە دهۆک و ئیتالیا چارە کردووە.