ژماره‌ی قوربانيیانی لوبنان به‌رز ده‌بێته‌وه و پرۆسه‌ی خوێندن و چالاكییه وه‌رزشییه‌كان هه‌ڵپه‌سێردران

بارودۆخی شه‌ڕ له لوبنان و غه‌ززه تا دێ توندتر ده‌بێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل سه‌دان پێگه و شوێنی حزبوڵلای له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان مووشه‌كباران كرد و له ئه‌نجامدا قوربانییه‌كی زۆری مرۆیی و ماددی لێ كه‌وته‌وه.
ژماره‌ی قوربانییه‌كانی لوبنان كه عێراقیشیان تێدایه به‌رز بووه‌وه
سێشه‌ممه، 24ـی ئه‌یلوولی 2024، فیراس ئه‌بیه‌ز، وه‌زیری ته‌ندروستیی لوبنان ڕایگه‌یاند: ژماره‌ی كوژراوان به‌هۆی هێرش و مووشه‌كبارانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان بۆ 558 كه‌س به‌رز بووه‌وه كه په‌نجایان منداڵن و 94ـی دیكه‌یشیان ئافره‌تن، هاوكات 1835ـی دیكه‌یش بریندار بوون.
به‌هۆی هێرشی مووشه‌كه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی عێراقی بریندار بوونه و گه‌یه‌ندراونته نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و وڵاته.
ترس هاووڵاتییانی لوبنانی گرتووه‌ته‌وه و ئاواره ده‌بن
له لایه‌كی دیكه‌وه به‌هۆی ئه‌و هێرش و مووشه‌كبارانانه‌وه، ترس هاووڵاتییانی لوبنان گرتووه‌ته‌وه و پێیان وایه سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیدار له ململانێ و شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا ده‌ستی پێ كردووه.
مێدیاكانی لوبنان و جیهان سه‌رنجیان خستووه‌ته سه‌ر بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری لوبنان و ئاواره‌بوونی هاووڵاتییان و به‌جێهێشتنی ناوچه‌كانیان له ترسی په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ و توندتربوونی مووشه‌كبارانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه و شوێنه‌كانی حزبوڵلای لوبنان.
هه‌ر دوای هێرش و مووشه‌كبارانه‌كانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه‌كانی حزبوڵلا له ناوچه‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان، هاووڵاتییان له ڕێگه‌ی كورته‌نامه‌وه كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئیسرائیل بووه، ئاگه‌دار كراونه‌ته‌وه شوێنه‌كانیان به جێ بهێڵن.
پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و چالاكییه وه‌رزشییه‌كان له لوبنان هه‌ڵپه‌سێردران
له لایه‌كی دیكه‌وه حكوومه‌تی لوبنان له چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشهاته نوێیانه‌ی ڕووبه‌ڕووی وڵاته‌كه‌ی بووه‌ته‌وه، بڕیاری دا تاوه‌كوو كۆتایی ئه‌م هه‌فته، دایه‌نگه، باخچه‌ی ساوایانی منداڵان، قوتابخانه و په‌یمانگه و كۆلێژه‌كان ده‌وام نه‌كه‌ن.
له سه‌رێكی دیكه‌وه وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانی لوبنان بڕیاری ڕاگرتنی سه‌رجه‌م چالاكییه وه‌رزشییه‌كانی له وڵاته‌كه‌ی دا و ڕایگه‌یاند، چالاكییه وه‌رزشییه‌كان تا كاتێكی نادیار ڕاده‌گیرێن.
چه‌ند كۆمپانیایه‌ك گه‌شته ئاسمانییه‌كان بۆ لوبنان ڕاده‌گرن
به هه‌مان شێوه گه‌شته ئاسمانییه‌كان بۆ لوبنان و له لوبنانیشه‌وه بۆ وڵاتان هه‌ڵپه‌سێردران. هه‌ر یه‌ك له كۆمپانیا فرۆكه‌وانییه‌كانی ئێر فرانس و ترانسافیای فه‌ره‌نسی گه‌شته‌كانیان تاوه‌كوو 1ـی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵپه‌سارد، هاوكات كۆمپانیای لۆفتهانزای ئه‌ڵمانی گه‌شته‌كانی تاوه‌كوو 14ـی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵپه‌سارد، له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌سته‌ی فرۆكه‌وانی ئوردن و میسر به هه‌مان شێوه گه‌شته ئاسمانییه‌كان بۆ لوبنان تا كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سارد.
سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا داوای كۆنترۆڵكردنی بارودۆخه‌كه ده‌كات
ڕووداو و پێشهاته‌كانی لوبنان له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كاردانه‌وه‌یان دروست كردووه. كێر ستارمه‌ر، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا داوای كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی سنووره‌كانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ده‌كات.
كێر ستارمه‌ر له میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێكدا له كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی پارته‌كه‌ی "پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا"ـدا كه له شاری لیڤه‌رپوول به‌ڕێوه چوو، داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه و ئازادكردنی بارمته‌كان كرد.
دووشه‌ممه، 23ـی ئه‌یلوولی 2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 300 پێگە و مۆڵگەی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانیان لە شارۆچکەکانی کەرتی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆمباران کردووە.
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە کەناڵ12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستە لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات "قۆناغێکی نوێی شەڕە" و داوای لە هاونیشتمانییانی کرد "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئارامیی خۆیان ڕابگرن".
هاوكات هه‌ر دوێنێ دووشه‌ممه، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند: به‌ڵێنیان داوه هاوكێشه‌ی ئه‌منی بگۆڕن، هاوكێشه‌ی هێزه‌كان له باكوور به‌دیاریكراوی، ئه‌ركه نوێیه‌كه‌ی ئیسرائیل ده‌بێت و بۆ له‌مه‌ودوا ته‌ماشای هه‌ڕه‌شه‌كان ناكه‌ن، به‌ڵكوو پێش هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كه‌ون.