بایدن: هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵیت: ئێستا کاتی ئەوەیە ئیسرائیل و حەماس بگەنە ڕێککەوتنێك و کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت. گوتیشی: هەڵگیرسانی جنگێکی نوێ لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە.
سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا گوتی: هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە و تاکە چارە رێگەچارەی دیپلۆماسییە تا ئاوارەکانی هەردوو وڵات بگەڕێنەوە بۆ ماڵوحاڵیان.
باسی لە شەڕی غەززە کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنەکانی دانووستان لەبارەی مەرجەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و بارمتەکان بگەڕێننەوە و هەروەها ئاسایش بۆ ئیسرائیل و غەززە دوور لە دەسەڵاتی حەماس مسۆگەر بکرێت.
هەروەها لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا رایگەیاند، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە پوتن لە ئامانجەکەی شکستی هێناوە، هەوڵیدا ئۆکرانیا لەناوببات، بەڵام تا ئێستاش ئۆکرانیا ئازادە، هەوڵیدا ناتۆ لاواز بکات بەڵام ناتۆ فراوانتر و بەهێزتر و یەکگرتووتر بووە.