قوربانیانی کانە خەڵووزەکەی ئێران گەیشتە 39 کەس

دیمەنی بەردەوامی پرۆسەی دەرهێنانی تەرمی قوربانیان و کرێکارە گیرخواردووەکانی کانە خەڵووزی تەبەس لە پارێزگای خۆراسانی باشوور - ئێران
دیمەنی بەردەوامی پرۆسەی دەرهێنانی تەرمی قوربانیان و کرێکارە گیرخواردووەکانی کانە خەڵووزی تەبەس لە پارێزگای خۆراسانی باشوور - ئێران

محەممەد عەلی ئاخوند بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای خۆراسانی باشوور ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا تەرمی 39 قوربانی تەقینەوەی کانە خەڵووزەکەی تەبەس دەرهێندراون ڕەوانەی پزیشکی داد کراون، هەروەها 10 کرێکاری دیکە لە کانەکەدا گیریانخواردووە و هەوڵەکانی ڕزگارکردنیان بەردەوامە.

بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی خۆراسانی باشوور بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئەتلوولی 2024، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمێکی دیکە لە تونێلی کانە خەڵووزە دەربهێنن، گوتووشیەتی: هەرچەندە پێشڕەویی تیمەکانی فریاگوزاری خێراتر بووە، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی تیمەکان تووشی تەنگە نەفسی بوون و هەر دەرەوەی تونێلەکە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

محەممەد عەلی ئاخوند ڕاشیگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و نزیکبوونەتەوە لە کرێکارە گیرخواردووەکان.

شەوی شەممە 21ی ئەم مانگە بەهۆی دزەکردنی گازی میسانەوە تەقینەوەیەک لە دوو بلۆکی کانێکی خەڵووز لە نزیک شاری تەبەسی سنووری پارێزگای خۆراسانی باشووری ڕوویداوە و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئێران لە کاتی تەقینەوەکەدا 69 کرێکار سەرقاڵی کارکردن بوون.

 کانە خەڵووزی تەبەس دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری بیرجەندی ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باشوور لە ئێران، ڕووبەری کانەکە 30 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بڕی 75.2 ملیار تۆن یەدەگی خەڵووزی تێدایە، بە گەورەترین یەدەگی خەڵووزی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراوە و قوڵی کانەکە 250 مەترە بۆ ناخی زەوی، دێژی ڕێڕەوی تونێلەکانیشی 700 مەترە.