نێچیرڤان بارزانی: هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى

نێچیرڤان بارزانی: هه‌موومان لە کوردستانیبووندا هاوبەشین و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد و وێڕای ئەوەی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، پابه‌ندى ياسا و ڕێنمايييه‌كانى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن، ڕاشیگەیاند، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى.

هەروا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانيی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.

گوتیشی: ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و ليست و كانديده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ سياسه‌ت و به‌رنامه‌كانيان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕێگه‌ به‌ خۆى نه‌دات ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌.

هەروەها جه‌ختی له‌ پێويستيى پاراستنى ڕێز و پێگه‌ى ئافره‌ت کردەوە و گوتی: پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبوونيان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان. گوتیشی: لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و كانديدان، دوژمنى يه‌كتر نين، به‌ڵكوو ڕكابه‌رى سياسيى يه‌كترن. هه‌موويان لە کوردستانیبووندا هاوبەش و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆيه‌ ئه‌ركى هەمووانه‌ پێکەوە هەوڵ بدەين پرۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتيیانە بەڕێوە ببەين.

هەروەها ڕایگەیاند، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان.

 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان :

هاووڵاتييانى خۆشه‌ويستى كوردستان،
لايه‌نه‌ سياسييه‌كان،
ليست و كانديدانى به‌ڕێز،

ئه‌م كاته‌تان باش..

سبه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ست پێده‌كات. داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى ياسا و ڕێنمايييه‌كانى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانيی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.

بانگه‌شه‌يه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژيى ‌نێوان لايه‌نه‌كان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه‌. وێنه‌يه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان نيشان بدات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگيى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و پێكهاته‌كانى بێت.

ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و ليست و كانديده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ سياسه‌ت و به‌رنامه‌كانيان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕێگه‌ به‌ خۆى نه‌دات ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌.

لێره‌دا به‌تايبه‌تى جه‌خت له‌ پێويستيى پاراستنى ڕێز و پێگه‌ى ئافره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌. پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبوونيان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و كانديدان، دوژمنى يه‌كتر نين، به‌ڵكوو ڕكابه‌رى سياسيى يه‌كترن. هه‌موويان لە کوردستانیبووندا هاوبەش و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆيه‌ ئه‌ركى هەمووانه‌ پێکەوە هەوڵ بدەين پرۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتيیانە بەڕێوە ببەين.

دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی تر پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆنیش، هەر دەبێت لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوويه‌كى گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. هەموومان پێکەوە، خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانين. پاراستنى ئه‌و پێكه‌وه‌ژيانه‌، ئه‌ركى هه‌موومانه‌.

بۆيه‌ پێويسته‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ڕێز له‌ پيرۆزى و هێما و سيمبۆلى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى بگيرێت. ئێمه‌ پشتیوانى لە ئیرادەی ئازادی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەكانيش، ده‌بێت پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بكەن.

كوردستانييانى ئازيز

ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، ماوه‌يه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ريكى گفتوگۆ بووين. هه‌رگيز له‌گه‌ڵ دواخستيندا نه‌بووين، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ ناچارى چه‌ند جارێك دوامانخست.

سوپاس و پێزانين بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بۆ به‌ڕێز سەرۆک وەزیران سوودانی، هه‌روه‌ها بۆ به‌ڕێز فايق زێدان سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق کە هاوکارێکی تەواو بوون، بۆ نەهێشتنی هەموو کێشەکانی بەردەم ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن.

سوپاس و پێزانين بۆ هاوكاريى کۆميسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دۆستانمان له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ هاوكارى و په‌رۆشييان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.

هاووڵاتیيانی ئازیز

سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێبوونەوەی ڕه‌وايه‌تيى دامه‌زراوه‌كانمان، به‌ ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و ئازاده‌وه‌ به‌نده‌. بۆيه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك چاوى دۆستانمان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌يه‌ و ئه‌ركى هه‌موومانه‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ سه‌ركه‌وتنى بكه‌ين.

هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان.

به‌ هيواى بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن.

كاتێكى خۆش بۆ هه‌موو لايه‌كتان ده‌خوازم.