ئەردۆغان: پێویستە پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژی دەکات و پێویستە لەسەر تاوانەکانی ساز بدرێت و قەرەبووی زیانەکانیش بداتەوە. لەبارەی عێراقەوەش دەڵێت: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق بکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.

سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا گوتی: پێویستە لایەنه‌كانی سووریا پەرە بە پرۆسەی سیاسی بدەن لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 2254ـی نەتەوە یەکگرتووەکان. هاوکات دەڵێت: خواستی ئەوان بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ بەردەوامە.

ئەردۆغان سەبارەت بە عێراق ڕایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق بکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەڵام تا پەکەکە وەک هەڕەشەیەک لە عێراقدا بمێنێتەوە، هیچ هەوڵێک ناگاتە ئامانجەکەی.

ناوبراو لەبارەی غەززەوە، دەڵێت: پێویستە ئیسرائیل لەسەر تاوانەکانی دەرهەق بە غەززە سزا بدرێت و قەرەبووی زیانەکانیش بدات.

باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل لە غەززە کۆمەڵکوژی دەکات، هەروەها وڵاتانی جیهان مامەڵەیکی دروستیان لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکانی غەززەدا نەکردووە. هاوکات داواکارە لەو وڵاتانەی کە هێشا دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین نەناوە دانی پێدا بنێن.