مەریوان قەرەنی: لایەنێكی كوردستانی لە پاڵ هاندانی شۆڤێنییەكانی دۆستی، دژی پێدانی چەكە بە پێشمەرگە

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەهێز بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریی لە گەلی كوردستان بكات بەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی، چونكە بە هیچ شێوەیەك سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كاتی تەنگانەدا بەرگریی لە كوردستان ناكەن. گوتیشی: لایەنێكی كوردستانی لە پاڵ هاندانی شۆڤێنییەكانی دۆستی، دژی پێدانی چەكە بە پێشمەرگە.

سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەك لەمەوبەر، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و بە دیاریكراویش ئەمەریكا، چەند تۆپهاوێژێكی رادەستی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

باسی لەوە کرد، هەروەك زاندراوە كە تۆپهاوێژەکان لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ پێشمەرگە نێردراون، بەڵام بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی عەقڵیەتی شۆڤێنی لە بەغدا و بەشداریكردنی دەسەڵاتدارانی عێراق لە زیادكردنی ژمارەی قوربانییەكانی نێو هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ڕێگە نەدراوە لە كاتی خۆیدا و لە ڕۆژانی شەڕی داعش ئەو تۆپانە بە پێشمەرگە بدرێت، ئەگەر ئەوكات تۆپەكان بگەیشتنایەتە دەست پێشمەرگە، رەنگە ڕۆڵێكی باشیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بگێڕابایە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەداخێكی زۆرەوە كە پاش ڕادەستكردنی تۆپەكان، بەشێك لە گرووپە سیاسییە دۆڕاوەكانی عێراق، بە تایبەتیش محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق كە بەهۆی ساختەكارییەوە دەركرا، هەروەها هەندێك لە سەركردەكانی میلیشیاكان، زیڕەیان لێ هەڵساوە و یەكێك دەڵێت: "پێدانی ئەو تۆپانە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق". ئەویدیکە دەڵێت "پێشمەرگە لە دژی پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك بەكاری دێنێ" و یەكێکی دیکە دەڵێت "ئەو تۆپانە بۆ ململانێی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەكار دێ"! و چەندان درۆی ڕازاوەی دیکە.

ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، گوتی: هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، هێزێكە شەرعیەتی لە شەرعیەتی سوپای عێراق بەهێزترە، چونكە ئەو سوپای عێراقەی ئەمڕۆ دەیبینن، لە دوای ساڵی 2003وە دروست كراوەتەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر پێشتر لە لایەن گەلی كوردستان هەبووە، بۆیە پێویستە هەمان ئەو چەكانەی كە لای سوپای عێراق هەن، لای هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش هەبن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوانەی بەهێزبوونی پێشمەرگە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەزانن، دەبێ ئەوە بزانن كە هەتا خاوەنی ئەو عەقڵیەتە بن، ناتوانن لە ترس و مۆتەكەی كورد لە عێراق ڕزگاریان ببێت، ئەگینا دەبوایە زانیبایان كە بەهێزبوونی پێشمەرگە لە كۆتاییدا بەهێزبوونی هەموو عێراقیشە.

مەریوان قەرەنی جەختی لەوە کردەوە، نەیاران بەم قسانەیان، دەیسەلمێنن كە ئامانج لەوەی دەیانەوێ پێشمەرگە چەكی نەبێت، ئەوەیە كە هەر كاتێك حەزیان كرد، پەلاماری كوردستان بدەنەوە و گەلەكەمان كۆمەڵكوژ بكەن، ئەگینا بۆچی ئاسایی بێت میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تانكی ئەبرامزی ئەمریكییان هەبێت و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتێكی ئیقلیمی بەكاری بهێنن، كەچی پێشمەرگە مافی ئەوەی نەبێ چەكی هەبێت؟

هاوکات گوتیشی: "بەداخەوە هەست بەوە دەكرێت كە لایەنێكی كوردستانیش لە پاڵ هاندانی شۆڤێنییەكانی دۆستی خۆیەتی دژی پێدانی چەك بە پێشمەرگە، لە قسەی شۆڤێنییەكانەوە هەست بەوە دەكەیت كە ئەو لایەنە لە ژێرەوە هانیان دەدات تاوەكوو ڕازی نەبن چەك بە پێشمەرگە بدرێت! ئێمە پێشتر دەمانزانی ئەو لایەنە لە هەموو ڕووێكەوە تەسلیم بووە، بەڵام كێ بیر لەوە دەكاتەوە تەسلیمبوونەكە گەیشتبێتە ئەو ڕادەیە."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەهێز بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریی لە گەلی كوردستان بكات بەرامبەر هەر هەڕەشەیەكی دەرەكی، چونكە بە هیچ شێوەیەك سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كاتی تەنگانەدا بەرگریی لە كوردستان ناكەن، هەمووشمان بینیمان لە كاتی هێرشی چەند سەد تیرۆریستێكی داعش، چۆن چەندان فیرقەی سوپای عێراق هەڵاتن و سنوورەكانی كوردستانیان بە ڕووی داعشدا كردەوە كە ئەگەر قارەمانێتیی پێشمەرگە و دانایی سەرۆك بارزانی نەبوایە، كەس نازانێت ئێستا دۆخەكە چۆن دەبوو!.