جۆن کێربی بۆ کوردستان24: هەڕەشەکانی داعش لە عێراق بەردەوامی هەیە

لە وەڵامی کوردستان24، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دوای 10 ساڵ داعش هێشتا هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر خەڵکی عێراق.

ئەو گوتەبێژە گوتی: لەگەڵ لایەنی عێراقی کاردەکەن بۆ ئەوەی باشترین ڕێگەی بۆ لەناوبردنی داعش بدۆزنەوە، گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای بەغدا و واشنتن لەسەر داهاتووی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکەن.

لە پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئەوەی لەسەر داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، چونکە بەشێک لە پسپۆڕان بەگرنگی دەزانن ئەمەریکا لە عێراق بمێنێتەوە هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بکات بۆ لەناوبردنی داعش؟

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێت: لیژنەیەکی باڵای هاوبەش هەیە لەنێوان عێراق و ئەمەریکا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، گفتوگۆکان بەردەوامن.

جۆن کێربی گوتیشی: هەڕەشەکانی داعش هێشتا بەردەوامن، هەربۆیە ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن.

ڕاشیگەیاند، دوای 10 ساڵ داعش هێشتا هەیە، هێشتا هەر هەڕەشەن بۆسەر خەڵکی عێراق، لەگەڵ لایەنی عێراقی کاردەکەین بۆ ئەوە بزانین باشترین ڕێگەی چییە بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی داعش. 

 

Fly Erbil Advertisment