ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ کوردستان24: بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی سەردانی ئێران دەکەم

رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕاگەیاند، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، مانگی داهاتوو سەردانی ئێران دەکات.

رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە لێدوانێکی تایبەتدا بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەوەی پێویستمانە لەگەڵ ئێران گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆ بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، گوتیشی: دەبێت لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەین بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی کار تا ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵ نەبینەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە".

رافایل گرۆسی باسی لەوەش کرد، ئێمە لەدوو بواردا ڕۆڵمان یەکلاکەرەوەیە ئەوانیش؛ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوی دیکەش پاراستنی پێگە ئەتۆمییەکانە لە ئۆکرانیا.

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، "بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیەکە مانگی داهاتوو لە ئێران دەبم".

مەسعود پزیشکیان لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی لە ئامادەیی ئێران کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

زۆربەی تیمی سیاسەتی دەرەوەی مەسعود پزیشکیان، بەشداریان لە داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015دا کردووە، ئەم تیمەش هەوڵ دەدات حکوومەتی نوێی ئێران وەک هاوبەشێک پیشان بدات کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بتوانن بازرگانیی لەگەڵدا بکەن، لە کاتێکدا ئەوان لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە دوای دەرفەتی دیپلۆماسی دەگەڕێن.

Fly Erbil Advertisment