نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کوردستان24: پێویستە سەرکردەکان چەک دابنێن

سەبارەت بە هەڕەشەکانی تیرۆر لە عێراق و سووریا، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بەکوردستان24 ڕایگەیاند، تیرۆر نەک لە عێراق سووریا، بەڵکو لەهەموو جیهان هەڕەشەیە.
ستیفانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی گوت: هەمیشە هیوامان خواستووە کە جیهانێکی باشتر بنیات بنێین، بەڵام با ڕاستگۆ بین هیچ چارەسەرێکی خێرا بۆ کێشەکانی ئەمڕۆی جیهان نییە، کێشەکان پێویستیان بەکاری قورس و ویستی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردن.
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، پێویستە سەرکردەکان چەکەکان دابنێن و دیپلۆماسی پەرەپێبدەن.
ستیفانی دوژاریک گوتیشی: تیرۆر هەڕەشەیەکە کە پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی ببنەوە، پێویستە ڕەگوریشەی تیرۆر لەبن بهێنین ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باشتر کە ڕێزگرتنی تێدابێت. کۆمەڵگەیەک مافەکانی مرۆڤی تێدابێت، ئەمە ئەو کارەیە کە نەتەوەیەگرتووەکان دەیکات.
لەەلایەکی دیکەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بە کوردستان24، ڕایگەیاند، دوای 10 ساڵ داعش هێشتا هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر خەڵکی عێراق.
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: لەگەڵ لایەنی عێراقی کاردەکەن بۆ ئەوەی باشترین ڕێگە بۆ لەناوبردنی داعش بدۆزنەوە، گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای بەغدا و واشنتن لەسەر داهاتووی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکەن.