بەردی بناغەی جووت سایدی نێودەوڵەتی هەولێر- دهۆک بۆ سنووری تورکیا، دانرا
دانانی بەردی بناغەی جووت سایدی شەقامی ڕوڤیا - ئاکرێ بە درێژایی کیلۆمەترێک ماوە لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆیەک بۆ ئەو شەقامە بە گوژمەی پێنج ملیار دینار جووت سایدەکە جێبەجێ دەکرێت.
چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەونیدا ڕایگەیاند "جووت سایدێکی نێودەوڵەتییە لەنێوان هەولێر- دهۆک بۆ سنووری تورکیا، سوپاس بۆ سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، سەرەرای هەبوونی قەیران و کێشە و گیرگرفتی دارایی کوردستان، چەندان پرۆژەی دروست کردووە.
پارێزگاری دهۆک دەڵێت: جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو ڕێگایە زۆر گرنگە نەک تەنیا بۆ ڕوڤیا، بە ڵکو خزمەت بە بەردەڕەش و ئاکرێ و تەواوی خەڵکی کوردستانیش دەکات.
دەشڵێت: سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک پرۆژە بۆ هەردوو شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەش داوە، لە ماوەیەکی کورتدا لە دوای چەند ڕۆژێکی دیکە لەسەر بودجەی تایبەتی پارێزگای دهۆک زیاتر لە 10 ملیار دینار دابینکراوە بۆ هەموو گوند و شارۆچکە وسەنتەر.
عەلی تەتەر ڕشیگەیاند "دووبارە بودجەیەکی دیکە بە تایبەت بۆ ڕوڤیا دابینکراوە، بەڵام ئەو دوای چەند پرۆژەیەک ڕادەگەیەندرێت".
لای خۆیەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، پرۆژەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ شارو شارۆچکەکان بەبێ جیاوازی بەردەوامە، جێبەجێ کردنی ئەو دیدگایەی سەرۆکی حکومەت بەردەوام فەرمان بە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات، کە لە هەر شوێنێک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خزمەتگوازرییان پێویست بێت، دەبێت دامودەزگاکان لەوێ بن.
وەزیری شارەوانی گوتیشی: دانانی بەردی بناغەی جووت سایدی شەقامی ڕوڤیا بە درێژایی کیلۆمەترێک و بە دروستکردنی ئاوەڕۆیەک و هەروەها تەواوکردنی جووت سایدی ڕوڤیا- ئاکرێ بە گوژمەی پێنج ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.