سەرۆک وەزیران داوایەک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆک وەزیران داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، "بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکەن.
کاتژمێر 08:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە"ـی کۆیە؛ لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دەڤەرەکە؛ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025ـی لێ دا.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا، باسی لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشی کرد کە بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمڕۆ چوارشەممەوە، 25-09-2024، دەست پێ دەکات و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕۆژی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی بە "ڕۆژێکی مێژوویی بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان" ناوبرد و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، "بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە دەست پێ بکەن و هەموو لایەک ڕەچاوی ئەوە بکەن کە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەکەمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی تربێت".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی حکوومەت پێی وایە، دەبێت "سەرکەوتنی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی نوێنەران، بۆ ئەوە بن کە زیاتر خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەن و هەموو مافەکانی خەڵکی خۆمان ئینشائەڵلا دەستەبەر بکەن".
سەرۆک وەزیران دوای ئەوەی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێ دا، چووە نێو ژمارەیەک پۆلی قوتابییانی قوتابخانەی "نەجیبەخانی جەلی زادە". بارزانی کاتێک چووە نێو پۆلی پێنجەمی قوتابییان؛ هیوای سەرکەوتنی قوتابییان خواست و بۆ قوتابییان باسی لە مێژوویی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت بە قوتابییانی گوت، "جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ جاری یەکەم لە شاری کۆیە، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دا و گوتی، دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، پەرلەمان دابمەزرێنرێت و سیستەمی حوکمڕانی بکرێتە سیستەمی دیموکراسی".
مەسرور بارزانی هیواشی خواست هەموو قوتابییانی هەرێمی کوردستان، "لە سایەی ئەم حوکمڕانی، وڵات و کیانە، ئینشائەڵلا دەبن بە کەسی زۆر گەورە، شارەزا و زیرەک. خێری خۆتان، کەسوکارتان و وڵاتەکەشتان دەکات؛ ئینشائەڵلا هەر سەرکەوتووبن".