سەرۆک وەزیران و باڵیۆزی فەرەنسا: پێویستە بە زووترین کات نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد
سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا "دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە تاوتوێ کرا".

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، "بیروڕا لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا".

 

کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق
کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق

 

هەردوولا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هاوڕا بوون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و لە ژێر چاودێريی نێودەوڵەتی و دوور لە پێشێلکاری".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتە ڕوو، هەردوولا "هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی زیانێکی زۆری بە بودجەی گشتیی فيدرال گەیاندووە".