کاندیدێک: پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی و کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

هەڵگورد شێخ نەجیب، کاندیدی ژمارەی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان
هەڵگورد شێخ نەجیب، کاندیدی ژمارەی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ڕکابەرەکانی پارتی سوودیان لە نا ئارامی کوردستان وەرگرتووە، هەر بۆیە پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب، کاندیدی ژمارەی 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ژێر دروشمی ئارامی و خۆڕاگری لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 190، هەمیشە کوردستان لە ئارامیدا بووە کاتێکیش باسی ئارامی دەکرێت پارتی لە لووتکەدا بووە، هەر بۆیە بەردەوام ڕکابەرەکانی پارتی سوودیان لە نا ئارامی کوردستان وەرگرتوو. ئەوەش بەڵگەیە کە پارتی خاوەنی ئارامیی و ئەمن و ئاسایشە.

ئەو کاندیدە دەڵێت: لە ساڵانی ڕابردوو هەموو هەوڵی پارتی بۆ ئەوە بووە کە کوردستان ئارام بێت، بۆیە کاتێک کوردستان ئارام بووە دۆخی پارتی لە هەڵبژاردنەکان زۆر باش بووە، لە ڕووی ئاوەدانکردنەوەش دا، پارتی ستراتیجی لە دەوڵەتداری و پارێزەری ئاسایشی نەتەوەیی بووە.

دەشڵێت: ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هەرێمی کوردستان کە دەورە دراوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، هەروەها بە هەموو ئەو کێشەو گیروگرفتانەی بەسەر هەرێمی کوردستانیش هاتووە، پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی یەکڕیزی بووە، زۆرجار لە هەڵبژاردنەکاندا پارتی مافی یاسایی خۆی داوەتە لایەنەکانی دیکە، تەنیا بۆ ئەوەی یەکڕیزی هەبێت و بیپارێزێت، ڕۆڵێکی بەرچاویش بداتە پێکهاتەکانی کوردستان و نموونەیەکی جوانیش پیشانی دەرەوە بدات.

هەڵگورد شێخ نەجیب، ڕاشیگەیاند "لە هەموو وڵاتانی جیهان کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت، کاندیدەکان بەرنامە و پلانەکانی پێشکەشی حزبەکەی دەکات، تاکوو دەنگی هاووڵاتییان بەو حزبە بگەیەنرێن و بەرنامە و پلانەکان بکرێن بە پرۆژە و پێشکەشی هاووڵاتییان بکرێن".

Fly Erbil Advertisment