دەستەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەن

K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێکی سەرەتایی، بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد، لە بەرانبەردا دەستەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی ئەم هەوڵەی سەرۆک وەزیران مەسرور دەکەن و بە هەنگاوێکی بوێرانەی پێناسە دەکەن.
چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024 دەستەی نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست پەیامێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "سوپاس و پێزانینی زۆر تایبەتمان بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەیە کە بەم بڕیارەی دڵی 30 هەزار فەمانبەر و خێزان و کەسوکاریانی خۆش کرد؛ هەروەها دووبارە پاڵپشتی ئێمەیان بۆ حکوومەتدارییان بە دەست هێنایەوە و بەڵێن دەدەین هاوشێوەی ڕابردوو و دڵسۆزانەتر لە خزمەتی خاک و گەلی خۆماندا بین".
ستار سەعید، یەکێک لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران یەکێکە لە بڕیارە زۆر گرنگەکان کە لە بەرژەوەندیی 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەستە.
ستار سەعید، داواکارە پرسی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، سەرجەم جۆری گرێبەستەکان بگرێتەوە بەبێ جیاوازی و بەبێ ڕەچاوکردنی ساڵانی خزمەت.
هاوکات دەڵێت: ئێمەش هەوڵ دەدەین کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی ڕاژەی هەرێم لە پەیوەندیدا بین بۆ ئەوەی بە زووترین کار ڕێکارەکانی بە هەمیشەییکردنمان تەواو بێت و ناوی سەرجەممان ڕەوانەی بەغدا بکرێت و پەسەند بکرێت.
ستار سەعید، لە کۆتایی قسەکانیدا دووبارە دەستخۆشیی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کرد و وەک خۆی ئاماژەی پێدا، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بڕیارێکی بوێرانە بوو لە کاتێکی زۆر باشدا.
چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەکە خستە ڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە.
هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتیی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ کراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە پەسەند کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەم بارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستەی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.