شەڕی حزبوڵلا و ئیسرائیل بووەتە سەرچاوەی پەیداکردنی دۆلار بۆ ڕژێمی سووریا
ژمارەیەک لەو خێزانانەی لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ئاوارە بوون و بەرەو سووریا هەڵاتوون، حکوومەتی دیمەشق ئەو کۆڕەوەی لوبنانییەکان و گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری لە لوبنان، بە دەرفەت قۆزتووەتەوە بۆ بە دەستهێنانی دۆلار.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشی چڕی فڕۆکە جەنگی و مووشەکانی ئیسرائیل و ترس لە دەسپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان، هەزاران خێزانی لوبنانی و سووری بە لێشاو بەرەو ناوچەکانی دیکەی لوبنان و سنووری سووریا ئاوارە بوون. بەهۆی بەردوام زیادبوونی خەڵکی ئاوارە، شەقام و ڕێگە سەرەکییەکان جەنجاڵی و قەرەباڵغییەکی زۆریان پێوە دیارە، بە تایبەت لە دەروازەی سنووریی لوبنان – سووریا، ئاوارە لوبنانییەکان و پەنابەرە سوورییەکانی گەڕاوە، چەندان کاتژمێر لە قەرەباڵغیدا ماونەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بپەڕنەوە سووریا.
سەرچاوە ئیدارەییە خۆجێیەکانی لوبنان ڕایانگەیاندووە، تەنیا لەم هەفتەیەدا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 600 کەس کوژراون کە %25ی قوربانییەکانیش ئافرەت و منداڵن.
هەروەها لە دووشەممەوە سەدان ئۆتۆمبێلی بچووک و چەندین پاس و بارهەڵگر لە سنووری سووریاوە بە درێژایی چەندان کیلۆمەتر ڕێزیان بەستووە بۆ ئەوەی بپەڕنەوە سووریا، دوای گەیشتنیان بە دەروازەی سنوور، لەوێشەوە بۆ چەند کاتژمێرێک ڕادەگیرێن تاوەکوو کۆنترۆڵی بەڵگەنامەکانیان دەکرێت و هاوکاریی سەرەتاییان پێ دەدرێت.
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، گوندی جەدیدە یابوس لە سنووری سووریا، میوانداریی ژمارەیەک خێزانی کردووە، بەڵام بەهۆی بێ جێگە و ڕێگەییەوە هەندێکیان لەسەر جانتاکانیان دانیشتبوون و چاوەڕێی گەیشتنی تەکسی و پاس و کەسوکاریان دەکرد تا هەڵیان بگرن و بەرەو قوڵایی سووریا بچن.
بە گوتەی ئاوارەکان، هەشت بۆ نۆ کاتژمێر لەنێو قەرەباڵغیدا ماونەتەوە تاوەکوو گەیشتوونەتە خاکی سووریا، دوای گەیشتنیش بە خاڵی سنووری لەبەردەم بنکەی فەرمانگەی کۆچبەرانی سووریا بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی مانەوە و تۆمارکردن بۆ چەند کاتژمێرێکی دیکە چاوەڕوان بوون.
ئەسۆشییەتد پرێس ئاماژەی داوە، ئەو پەنابەرە سووریانەی دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، حکوومەتی دیمەشق مەرجێکی لەسەر داناون و دەبێت 100 دۆلار بگۆڕنەوە بە لیرەی سووری بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، ئەمەش قەیرانێکی ئاڵوگۆڕکردنی لە دەروازە سنوورییەکان دروست کردووە، بەو پێیەی لە سنوور دۆلار هێندە بە ئاسانی بە دەست ناکەوێت و بەهۆی زۆری خواستەوە بەهای بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە.
بە گوتەی بەشێک لە پەنابەرە گەڕاوەکانی سووریا، مەرجەکەی دیمەشق بۆ دەستکەوتنی دراوی قورسە، بەڵام وەک سەرچاوەیەکی قازانجکردن لە دەروازە سنوورییەکان مامەڵە بە فرۆشتنەوەی دۆلارەوە دەکەن، چونکە پەیدابوونی دۆلار هێندە ئاسان نییە.
ئەحمەد حەلەبی، یەکێکە لەو پەنابەرە سووریانەی 10 ساڵە لە لوبنان دەژیت و دەڵێ "ئێمە لە 2014ـەوە بەهۆی شەڕ و وێرانکارییەکانی سووریاوە ئاوارەی باشووری لوبنان بووین لەوێ ژیانمان دەست پێ کردەوە، ئێستاش بەهۆی ئەو هێرش و بۆمبارانەی بۆ سەر باشووری لوبنان دەکرێت، شەڕێکی وێرانکارە و سێ ڕۆژ بەڕێگەوە بووین تا گەیشتووینەتەوە سووریا".
هەروەها سەدان خێزانی لوبنانی بەرەو سووریا هەڵاتوون، یەکێک لە ئاوارەکان بە ناوی حسێن عەبدوڵلا، کە خەڵکی بەعلەبەکی لوبنانە دەڵێت: سوپای ئیسرائیل هۆشداری دا و دەرفەتی پێداین بۆ ئەوەی هەرچی زووە ناوچەکەمان چۆڵ بکەین، ئێمەش بەناچاری هەڵاتین و زیاتر لە چوار کاتژمێر لە ڕێگەدا بووین تاوەکوو گەیشتووینەتە سنووری سووریا".
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریاوە لە 2011 بە دواوە زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری سووریایی داڵدە داوە، بەڵام نزیکەی 775 هەزاریان بە پەنابەری فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراون و مەزندە دەکرێت سەدان هەزار کەسی دیکە ناویان تۆمار نەکرا بێت.
ئەو سووریانەی وەک پەنابەر لە لوبنان ماونەتەوە ڕەنگە لە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ وكاتەکەیان بە تۆمەتی دژایەتیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا ڕووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن ببنەوە یان بەزۆر پەلکێشی سەربازیی ناچاری بکرێن. هەر بۆیە حکوومەتی سووریا لەگەڵ گەڕانەوەی هاووڵاتییانی لە لوبنان لێبوردنێکی بۆ ئەوانە دەرکرد کە لە خزمەتی سەربازییەوە هەڵاتوون، هەرچەند پێشتریش لێبوردنی دیکەی هاوشێوەی دەرکردووە، بەڵام بڕیارەکان شکستیان هێناوە و پەنابەرانی سووری ئامادەی گەڕانەوە وڵاتەکەیان نەبوون.
بەعلەبەگ یەکێکە لەو ناوچانەی هێرشی چڕی سوپای ئیسرائیلی لەسەرە، ئەمەش وایکردووە خەڵکی ناوچەکە بە لێشاو ئاوارەی سنوور ناوچەکانی دیکە ببن و شڵەژانێکی زۆر لە ڕێگەکان و دەروازە سنوورییەکان دروست بکەن.
لوبنانییەکان بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی بەیرووت و دیمەشق بۆیان هەیە بەبێ وەرگرتنی ڤێزا سەردانی سووریا بکەن و بمێننەوە، ئەمەش وای کردووە ئاوارەکان باشووری لوبنان بە لێشاو بچنە سووریا و خانوو و شوققە بە کرێ بگرن، کە کرێی یەکەی نیشتەجێ بوون زۆر هەرزانترە بەراورد بە وڵاتەکەی خۆیان، ڕەنگە ئەمەش ببێتە سەرچاوەیەکی دیکەی جوڵاندن و بوژاندنەوەی ئابووری سووریا.
هەر لە بارەی دۆخی لوبنان و شەڕی حزبوڵلا و ئیسرائیل، رامیز تەنبور، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئیسرائیل بە چەندین شێوە تاوانی قێزەونی لە ڕیزەکانی حزبوڵلا و خەڵکی مەدەنی کردووە و هەموو ڕێگەیەکی نایاسایی دژ بە لوبنان تاقی دەکاتەوە، هەرچەندە حزبوڵلا سەرەتا چووە پاڵ لایەنە پشتیوانکارییەکانی حەماس، بەڵام ئێستا ئەوەی بەرانبەر بە لوبنان دەکرێت، شەڕێکی سەپێندراو و فراوانە.
گوتیشی: ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکانیش کەمتەرخەمە بەرانبەر بەوەی لە لوبنان ڕوو دەدات، چونکە ئیسرائیل پابەندی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1072 نەبووە، کە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان پارێزەری سنووری لوبنان و ئیسرائیل بێت، ئێستاش هەر شەڕ و پێشێلکارییەک ڕوو بدات لە ئەستۆی نەتەوە ئەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
هەروەها ئەمەریکا، ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای هێورکردنەوەی گرژییەکانی لوبنان و ئیسرائیل دەکەن و داوایان کردووە بۆ 21 ڕۆژ تا کێشەکان لەڕووی دیپلۆماسیەوە چارە دەکرێن، پێویستە ئاگربەستێکی کاتی بکرێت.
هەروا ئاماژەیان داوە؛ گرژییەکانی لوبنان و ئیسرائیل هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر تەواوی ناوچەکە و شەڕ هێندەی دیکە فراوان دەکات، هەربۆیە پێویستە هەموولایەک دان بەخۆیاندا بگرن.