تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدان
پێشەوا هەورامانی: کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پەرلەمانی عێراق تەنیا بۆ مووچە نییە
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 باسی بەشێک لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت: سەرۆک وەزیران پێی وتوون، ئەگەر نییەتێکی جیددی هەبێت دەتوانرێت کێشەکان چارە بکرێن.
تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەدان کە بۆ پرسی چارەکردنی بودجە و مووچە و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ دەکەن.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: ئەم کۆبوونەوانەی دەکرێن تەنیا بۆ پرسی مووچە نین، بەڵکو چەند بابەتێک هەن گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئەو کۆبوونەوانەشی ئێستا دەکرێن زیاتر لەلایەنی تەنکنیکییە، هەر ئەمەش بوو دوێنێ چوارشەممە ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی پەرلەمانی عێراق بە تایبەت ئەندامانی لێژنەی دارایی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران بە شاندەکەی پەرلەمانی عێراق گوت، ئەگەر نییەتێکی جیددی هەبێت دەتوانرێت کێشەکان چارە بکرێن، بۆ ئەمەش لەسەر زۆر لە پرسەکان ڕوونکردنەوە درا.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی دا، ئەوەی هەیە تەنیا پرسی مووچە نییە، بەڵکو تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزیری پلاندانان، عەبدولحەکیم خەسرەو لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە نێو شاندەکەدا عەزیز ئەحمەد، لە بارەی بابەتی هەژماری من و تەوتین چەند وردەکاری و بەرچاوڕوونیی بە حکوومەتی عێراقی داوە، لەوانە هەژماری من بە کوێ گەیشتووە و بانکەکان چۆن و بە چ میکانزمێک بەشداریی پرۆژەی هەژماری منیان کردووە.
هەورامانی گوتیشی: سەرۆک وەزیران جەختی کردووەتەوە کە نابێت قۆرخکاری لە هەرێمی کوردستان هەبێت و هیچ بانکێک بۆی نییە بە تەنیا کۆنترۆڵی تەواوی پرۆسەکە بکات، بەڵکو بۆ هەر بانکێک ڕێژەیەک دیاری کراوە. لە بارەی نەوتیشەوە، قسە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کراوە و سەرۆکی حکوومەت باسی لەوە کردووە، کە حکوومەتی هەرێم بەگوێرەی مافە دەستوورییەکانی ئامادەیە بۆ هەموو ئاسانکارییەک.