ئیسرائیل داوا له‌ هاووڵاتیانی ده‌كات سه‌ردانی 15 وڵات نه‌كه‌ن، یەکێکیان عێراقە

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل هۆشداریی توند به‌ هاووڵاتیانی ده‌دات، له‌م کاتەدا تاوەکو ئاگەدار دەکرێنەوە، سه‌ردانی 15 وڵات نه‌كه‌ن، عێراقیش یەکێكە لەو وڵاتانە.

گرووپی هاوکاریی سەربازی سوپای ئیسرائیل ڕایگه‌یاندووه‌، مەترسییەکی گەورە بۆ هەر ئیسرائیلییەک هەیە ئەگەر بیر لە گەشتکردن بۆ نیمچە دورگەی سینا بكەنەوە،‌ کە شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگە لای ئیسرائیلییەکان.

هه‌روه‌ها هۆشداریشی داوه‌، نابێت سه‌ردانی 15 وڵات بكه‌ن و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌، له‌وانه‌، میسر، عێراق، سووریا، لوبنان، سعوودیه‌، ئوردن، ئێران و توركیا.

به‌گوێره‌ی پێگه‌ی ئایسی هه‌واڵی ئیسرائیلی، به‌هۆی پشووی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ وه‌رزی گه‌شتی ئیسرائیلییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، بۆیه‌ هۆشداری ده‌دات تا بۆیان بكرێت گه‌شتی ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌كه‌ن.

هۆشدارییەکە ئاماژه‌ به‌ زیادبوونی مەترسییەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەڕەشە چەکدارییەکان ده‌كات، بەتایبەتی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ساڵیادی شەڕی "تۆفانی ئەقسا" لە کەرتی غەززە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023دا قەوما.