خەڵکی ئەنبار: بەرتیل نەدەین، لە هیچ دامەزراوەیەک ئیشمان ناڕوات

ئەنبار
ئەنبار

خەڵکی ئەنبار باس لەوە دەکەن، ئەگەر بەرتیل نەدەن، لە هیچ دامەزراوەیەک ئیشیان ناڕوات، لە بەشێک لە دامەزراوەکاندا بەڕێوەبەر و فەرمانبەران بە ئاشکرا داوای بەرتیل دەکەن بەرانبەر بە جێبەجێکردنی کارەکانیان.

دانیشتووانی پارێزگای ئەنبار بە دەست ڕۆتینی بێزارکەر و دواخستنی کاروبارەکانیان لە دامەزراوە حکوومەتییەکاندا گرفتارن. بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و برینداران بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، مامەڵەی نزیکەی چوار هەزار کەسی ڕاگرتووە، پاساوەکەشیان تەواونەبوونی وردبینییە ئەمنییەکانە.

هاووڵاتییەکانی ئەنبار بێزاری و نیگەرانی خۆیان لە دیاردەی گەندەڵی ئیداریی ودارایی لە دامەزراوەکاندا دەردەبڕن. تەنانەت بەشێک لە دامەزراوەکان، بۆ ڕاییکردنی کاروباری خەڵک، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، لەکاتێکدا خەڵکەکە داهاتیان سنووردارە و هەژارن.

سەیف خەنفەر، چالاکوانە لە ئەنبار دەڵێت: بەداخێکی زۆرەوە ئەنبار بووەتە یەکێک لەو پارێزگایانەی زۆرترین گەندەڵی تێدایە، بەڵام دەستەی دەستپاکی ڕۆڵێکی ئەرێنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گێڕاوە لە فەرمانگەکانی وەکو خانەنشینی و دامەزراوەی شەهیدان و برینداران، یاخود ئەو دامەزراوانەی گەندەڵی تەنگی پێ هەڵچنیون. گەندەڵی بووەتە پردی پێکەوەبەستنی بەرپرسانی سیاسی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی ئەنبار، گەندەڵی لێرە زۆرە بەڵام پشتگوێ خراوە.

لایەنە چاودێرەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە دوای ساڵی 2018وە  گەندەڵی لە دامەزراوەکانی ئەنباردا زۆر زیادی کردووە؛ بە جۆرێک، ئەنبار لە ڕووی گەندەڵییەوە پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق گرتووە.

 تەنانەت پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش لێوان لێون لەگەندەڵی، باشترین نموونەش پردە ئاسنینەکەی فەلوجە بوو کە پێش کرانەوەی هەرەسی هێنا و داڕووخا.

سەباح تائی، چاودێری سیاسی، دەڵێت: ئێمە لە کۆمەڵێک قەیراندا دەژین لەوانەش قەیرانی گەندەڵی. ئێمە هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەرز دەنرخێنین جا چ لە پرۆژەکان بێت یاخود دامەزراوەکان.

عومەر دلێمی، ئەندامی دەستەی چاودێریی دامەزراوەکان دەڵێت: گومانی تێدا نییە ئێمە دژی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتنین لە دامەزراوەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ ئەنبار بە جۆرێک گەندەڵ بووە کە هاووڵاتی دڵخۆشە ئەگەر سەردانی دامەزراوەیەک بکات و کارەکەی بەبێ بەرتیل بۆ بکرێت".

لەلایەکی دیکەوە هەڵماڵینی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بەردەوامە، لێکۆڵینەوەکان دەیان بەڕێوبەری فەرمانگەیان بەتۆمەتی دزیکردن و بەهەدەردانی ماڵی گشتیی خستووەتە زیندانەوە.

Fly Erbil Advertisment