جێگری سەرۆکی جەهەپە داوا دەکات پارتەکەی سیاسەتێکی نەگۆڕی لەسەر پرسی کورد هەبێت

گۆکهان گونایدن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
گۆکهان گونایدن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)

گۆکهان گونایدن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕەخنە لە سیاسەتی ئابووری تورکیا دەگرێت و دەڵێ: پێویستە جەهەپە لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا سیاسەتێکی نەگۆڕی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە باکووری کوردستان پارتێکی کاریگەر بێت.

گونایدن لەبارەی سەپاندنی قەییوم دەڵێت: جەهەپە لەبارەی سەپاندنی قەیوم هەڵوێستی ڕوونی هەبووە و ڕێگەی یاسایی و سیاسیانەی گرتووەتەبەر.

سەبارەت بە ڕۆڵی دەم پارتیشەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دەڵێت: پێویستە دەم پارتی ببێتە پارتێکی تورکیا نەوەک پارتی لایەنی دیکە.

ئەم قسانەی گونایدن لە پەراوێزی ئەو دیبەتە بوو کە لە بارەی یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی پرۆسەی دیموکراسی لە شاری قارسی باکووری کوردستان بەڕێوە چوو، گونایدن ڕەخنە لە سیاسەتی ئێستای تورکیا گرت و گوتی: قارس شارێکی جادوییە، بەڵام بەخێرایی بەرەو پوکانەوە و بچووک بوونەوە دەچێت، هەروا ئەو شێوازەی ئیدارەدانی شارەکە هەیەتی هەرگیز لەگەڵ دەستکەوتەکان ناگونجن، چونکە بە سیاسەتێک کاری لەسەر دەکرێت و بەرەو پەرتەوازەکردنی دانیشتوانەکەی و چۆڵکردنی دەچێت. جیا لەمەش ئەو پاشەکشەی لە ئابووریی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنی ڕابردوو ڕووی داوە، کاریگەرییەکی مەترسیداری لەسەر ئەم ناوچەیە دروست کردووە؛ هەربۆیە بێکاریی و شەپۆلێکی کۆچکردن و چۆڵکردن شارەکەی گرتووەتەوە، ئەمەش وای کردووە بەردەوام ژمارەی دانیشتوانەکەی کەم ببێتەوە.

جێگری سەرۆکی جەهەپە دەڵێت: %60ی ناوچە پیشەسازییەکانی تورکیا لە سنووری هەرێمی مەڕمەڕەیە، ئەمەش وای کردووە چڕترین ڕێژەی دانیشتوان لەو بەشەی تورکیا کۆ ببێتەوە و ڕەچاوی سیاسەتی دابەشکردنی ئابووری و دانیشتوان نەکرێت، هۆکەشی سیاسییە، ئەمەش پشتبەستنی ئابووری بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تووشی هەرەسهێنان دەکاتەوە. پێدەچێت لە دەوڵەتدا کەسێک  بە ئەنقەست ئەم سیاسەتە پەیڕەو بکات، هەربۆیە دەبێت ئەو سیاسەتە بگۆڕدرێ و ڕاست بکرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە جەهەپە گوتاری ڕاستەقینەی هەبێت لەبارەی چارەکردنی کێشەی کورد و دەم پارتیش پێویستە ببێ بە پارتێکی تورکیا.