به‌هۆی ململانێکانی ئیسرائیل و حزبوڵلا، گه‌شت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ لوبنان وه‌ستاوه

ململانێكان له نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنان تا دێ توندتر ده‌بێت، له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیانه‌دا هه‌زاران هاووڵاتیی لوبنانی ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی وڵاته‌كه‌یان به‌تایبه‌تی سووریا بوونه؛ هاوكات ڕێكخراوه مرۆییه‌كان هۆشداری له ئاواره‌بوونی لوبنانییه‌كان ده‌ده‌ن له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و شه‌ڕه، كه ئیسرائیل ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ئاگربه‌ست بكات.
له لایه‌كی دیكه‌وه گه‌شته ئاسمانییه‌كانی له نێوان فرۆكه‌خانه‌كانی لوبنان و جیهان كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه، به شێوه‌یه‌ك گه‌شته‌كان له فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ فرۆكه‌خانه‌كانی لوبنان ڕاوه‌ستاوه.
ناتانیاهۆ ئاگربه‌ست ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و فه‌رمان به سوپا ده‌كات به هه‌موو هێزییه‌وه له حزبوڵلا بدات
پێنجشه‌ممه، 26ـی ئه‌یلوولی 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه وه‌ڵامی پێشنیازی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا بۆ ئاگربه‌ستێكی 21 ڕۆژی له‌گه‌ڵ حزبوڵلا بداته‌وه، به‌ڵكوو فه‌رمان به سوپای ئیسرائیل ده‌كات به هه‌موو هێزییه‌وه له حزبوڵلا بدات.
هه‌ر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، سوپای ئیسرائیل له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، شه‌وی ڕابردوو نزیكه‌ی 75 شوێنی حزبوڵلای له ناوچه‌ی بیقاع له باشووری لوبنان مووشه‌كباران كردووه، كه به‌شێكی ئه‌و شوێنانه كۆگه‌ی چه‌ك و ژێرخانی سه‌ربازی و ئابووری و هه‌واڵگری حزبوڵلا بوونه. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، 45 مووشه‌كی حزبوڵلایان ده‌ستنیشان كردووه كه له باشووری لوبنانه‌وه ئاراسته‌ی ئیسرائیل كراون.
ئیسرائیل پاكێجێكی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی حزبوڵلا وه‌رده‌گرێت
سوپای ئیسرائیل تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، پاكێجێكی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به بڕی 8.7 ملیار دۆلار بۆ هه‌وڵه سه‌ربازییه‌كانی ئێسته‌ی پێ ده‌گات.
باربارا لیڤ، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك سه‌باره‌ت به پێشهاته‌كانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا ڕایگه‌یاندووه، پێویست ده‌كات زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار هه‌بێت بۆ ئاگربه‌ست، پاشان هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان چڕ بكرێنه‌وه. جه‌ختیشی كرده‌وه، بژارده‌ی ئه‌مه‌ریكا به پله یه‌ك بریتییه له چاره‌ی دیپلۆماسی بۆ ئه‌و ململانێیانه له‌و كاته‌ی ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی دیكه‌یش پابه‌ندن به چاره‌ی دیپلۆماسی.
له لای خۆیه‌وه ئه‌نتۆنیۆ گۆتێریس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نیگه‌رانی خۆی له باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا ده‌ربڕی و هۆشداری له فره‌وانبوونی ململانێكان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا و گوتی "په‌ره‌سه‌ندنی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا ده‌رگه‌ی دۆزه‌خ به ڕووی لوبناندا ده‌كاته‌وه."
ئۆلاڤ شۆڵتس، ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌و شه‌ڕه هۆشداری ده‌دات و پێی وایه به‌رده‌وامی ئه‌و شه‌ڕه، په‌ل بۆ شه‌ڕ و ململانێیه‌كی هه‌رێمی ده‌هاوێژێت. شۆڵتس له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) نووسیویه‌تی "ده‌بێت حزبوڵلا له ناوچه سنوورییه‌كانی لوبنان بكێشته‌وه و ئۆباڵی چاره‌كردنی ململانێكانیش به شێوه‌ی دیپلۆماسی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌ردوولای شه‌ڕه‌كه."
به پێی مێدیاكانی لوبنانی و جیهانی تا ئێسته پتر له 70 هه‌زار هاووڵاتیی لوبنانی له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان به‌ره‌و سووریا شوێنه‌كانیان به جێ هێشتووه و ڕووبه‌ڕووی بارودۆخێكی ناله‌بار بوونه‌ته‌وه، به هه‌مان شێوه 15 هه‌زار و 500 هاووڵاتیی سووریش كه له‌و وڵاته نیشته‌جێن، جارێكی دیكه بۆ وڵاته‌كه‌یان ئاواره بوونه‌ته‌وه.
هاوكات ڕێكخراوه خێرخوازییه مرۆییه‌كان به‌تایبه‌ت كێر (Care) و لی سۆكۆر (Le Secours) نیگه‌رانی خۆیان له بارودۆخی مرۆیی له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی لوبنان ده‌ربڕی و داوای ئاگربه‌ستی ده‌ستبه‌جێ ده‌كه‌ن و هه‌موو ئاماده‌ییه‌كیان نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان و گه‌یاندنی پێداویستییه مرۆییه‌كان.
حكوومه‌تی عێراق هاوسۆزی خۆی بۆ لوبنان ده‌ربڕیوه و ڕایگه‌یاندووه، تا ئێسته له ڕێگه‌ی فرۆكه‌وه 75 تۆن هاوكارییه پزیشكییه‌كانی ڕه‌وانه‌ی لوبنان كردووه.
پێنتاگۆن هۆشداری له له‌ناوچوونی ئیسرائیل و لوبنان ده‌دات
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لوبنان ڕایگه‌یاندووه، له ئه‌نجامی هێرشه مووشه‌كییه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری لوبنان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه دوو هاووڵاتیی لوبنانی كوژران و 15ـی دیكه‌یشیان بریندار بوونه و برینی یه‌كێك له برینداره‌كان كه ئافره‌ته، قورسه و باری ته‌ندروستی ناجێگیره. هاوكات سوپای ئیسرائیل ڕایگه‌یاندووه، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، محه‌ممه‌د حوسێن سرور، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی ئاسمانی حزبوڵلای له ناو به‌یرووت به ئامانج گرتووه. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لوبنان هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، 1540 هاووڵاتیی لوبنانی له‌وه‌ته‌ی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا له ماوه‌ی ساڵێكی ڕابردوودا كوژراون.
سوپای ئیسرائیل سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، سروور كه له‌وه‌ته‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه په‌یوه‌ندیی به حزبوڵلاوه كردووه، چه‌ند ساڵێكه به‌رپرس بووه له ئاراسته‌كردنی هێرشه ئاسمانییه‌كان به‌تایبه‌تی هێرشی فرۆكه بێفرۆكه‌وان و مووشه‌كی كروز بۆ سه‌ر ئیسرائیل.
هه‌روه‌ها لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) هۆشداری له شه‌ڕێكی فره‌وان و سه‌رتاپاگیر له نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا داوه و گوتوویه‌تی، له ئه‌گه‌ری شه‌ڕێكی له‌م شێوه‌یه‌دا "لوبنان و ئیسرائیل" به‌یه‌كه‌وه له‌ناو ده‌چن. به بۆچوونی ئۆستن، ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا، ئاگربه‌ستی غه‌ززه‌یش ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
گه‌شته‌كان له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ لوبنان وه‌ستاون
ئه‌م شه‌ڕه نوێیه‌ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر چه‌ندان بواردا به جێ هێشتووه، گه‌شته ئاسمانییه‌كان له نێوان فرۆكه‌خانه‌كانی لوبنان له‌گه‌ڵ وڵاتان و هه‌رێمه‌كان به هه‌مان شێوه كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه و گه‌شته‌كانی نێوان فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و فرۆكه‌خانه‌ی به‌یرووت ده‌كه‌وێته ناو چوارچێوه‌ی ئه‌و كاریگه‌رییانه.
له‌م باره‌وه ئه‌حمه‌د وشیار، بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تایبه‌ت به وێبسایتی كوردستان24 گوتی: هه‌فتانه چوار گه‌شت له نێوان فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و لوبنان هه‌یه، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌كه‌ی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا، گه‌شته‌كان له لوبنانه‌وه بۆ فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به‌رده‌وامن، به‌ڵام له به پێچه‌وانه نییه، واته له هه‌ولێره‌وه هیچ گه‌شتێك بۆ لوبنان نه‌كراوه، چونكه گه‌شتی هاووڵاتییان بۆ لوبنان وه‌ستاوه و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌ی هه‌یه، ئاماده نییه سه‌ردانی ئه‌و وڵاته بكه‌ن.
سێشه‌ممه، 24ـی ئه‌یلوولی 2024، هه‌ر یه‌ك له كۆمپانیا فرۆكه‌وانییه‌كانی ئێر فرانس و ترانسافیای فه‌ره‌نسی گه‌شته‌كانیان تاوه‌كوو 1ـی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵپه‌سارد، هاوكات كۆمپانیای لۆفتهانزای ئه‌ڵمانی گه‌شته‌كانی تاوه‌كوو 14ـی تشرینی یه‌كه‌م هه‌ڵپه‌سارد، له لایه‌كی دیكه‌وه ده‌سته‌ی فرۆكه‌وانی ئوردن و میسر به هه‌مان شێوه گه‌شته ئاسمانییه‌كان بۆ لوبنان تا كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سارد.