سوودانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەین

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئێستا ئێمە خەریکی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانین و ئامادەکاری بۆ ئەو پرۆسەیە دەکەین. گوتیشی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەین.

پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەگای کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، هەموو هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیە کە پرۆسەی دیموکراسیەت لە عێراق پتەوتر بکەین.

سوودانی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، دەڵێت: ئێستا ئێمە خەریکی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانین و ئامادەکاری بۆ ئەو پرۆسەیە دەکەین. جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین، بەپێی ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.

ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی عێراق کار بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی سەرچاوە مرۆییەکان دەکات، هەنگاوی زۆر گەورەمان لەو ڕووەوە ناوە، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت ببووژێننەوە و سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکەین، هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە کارێکی ئاڵۆزە.

لەباری داعشەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: داعش سێ یەکی خاکی عێراقی داگیر کردبوو زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو کە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەو عێراقەی ئەمڕۆ پلانێکی گشتگیری ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت و ژیان بۆ شارەکان دەگەڕێتەوە و ژێرخان دووبارە دروست دەکەینەوە و ئەمن و ئاسایش بەرقەرار دەکەین.