ئەمەریکا: کاردەکەین بۆ ڕاگرتنی شەڕی لوبنان

ئەمەریکا ڕایگەیاند، کاردەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی 21 ڕۆژە سەبارەت بە شەڕی لوبنان. دەشڵێت: گفتوگۆکان بەردەوامن.

جۆن کیربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 21 ڕۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.

جۆن کیربی، ئاماژەی بەوەش کردووە، "شەڕی سەرتاسەری ڕێگەیەکی باش نییە بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان"، ئاشکرایکرد "گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لەم نێوەندەدا بەردەوامە".

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە ئاگادارکەرەوەکان بەردەوامن لە نزیک سنوورەکانی لوبنان، ئەمەش دوای ئەوەی حزبوڵڵا دەیان موشەکیان ئاراستەی شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد.