زیاتر لە 22 هەزار کەس لە لوبنان بە قاچاخ چوونەتە سووریا
دوو سەرچاوەی ئەمنی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە زیاتر لە 22 هەزار کەس کە زۆرینەیان خەڵکی سووریان، سنوورەکانیان لە لوبنانەوە بۆ سووریا بەشێوەی نایسایی تێپەڕ کردووە، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوەیە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی سووریا بڵاویکردەوە، لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە شەش هەزار لوبنانی و نزیکەی 15 هەزار هاووڵاتی سووری بەشێوەی نایاسایی سنووری "جەدیدە یابوسیان" بڕیووە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی باسی لەوەکردووە، "نزیکەی هەزار لوبنانی و نزیکەی 500 سووری دیکە لە ڕێگەی دەروازەی جوسیەوە هاتوونەتە ژوورەوە".
سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەو ژێرخانەیان بۆمباران کردووە کە حزبوڵڵای لوبنانی لەسەر سنووری سووریا و لوبنان بەکاریا دەهێنن.
لە بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ژێرخانی سنووری سووریا و لوبنانیان بۆمباران کردووە، کە حزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی ئامرازەکانی شەڕ لە سووریاوە بۆ لوبنان بەکاریدەهێنێت، کە ئەو گرووپە لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل بەکاری هێناوە".
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و هاوتا فەرەنسیەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ڕۆژی پێنجشەممە، جەختیان لەسەر پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان کردەوە، بە شێوەیەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەلامەتی بکات و خەڵکی مەدەنی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، واشنتۆن و پاریس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاریان لەسەر کارێکی هاوبەش بۆ ئاگربەست کردووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە دیپلۆماسییەت بدرێت و لە سنوور بەزاندنی زیاتر دووربکەونەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئوسترالیا، کەنەدا، یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سعودیە، ئیمارات و قەتەر پشتیوانی ئەم پێشنیازەیان کردووە.