ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی گەشتیارییە، ساڵانە زیاتر لە هەشت ملیۆن گەشتیار دێنە هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 ڕۆژی جیهانی گەشتیارییە، کە سێکتەری گەشتیاری بڕبڕەی پشتی ئابووری هەر وڵاتێکە، هەروەها بۆ زۆرێک لە وڵاتان بووەتە داهاتی سەرەکی وڵات.
گەشتوگوزار ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی دیالۆگ لە نێوان کولتوورەکاندا و دەرفەتی زۆر دەڕەخسێنێت، لەوانە ناسینی یەکتر، فێربوونی زمانی بیانی، پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە و بنیاتنانی لێبوردەیی. گەشتیاری ئەزموونێکی پەروەردەیی و ڕۆحییە کە خۆراک دەدات بە دەروون.
یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان کەرتی گەشتیارییە، کە لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم بایەخێکی زۆری بەو کەرتە داوە، گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان بوژاوەتەوە.
لەوبارەوە، ئیبراهیم عبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 100 شوێنمان هەن کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن، ئەوەش هۆتێل و مۆتێل و ڕێستورانتەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ شوێنە سروشتیی و گەشتیارییەکان.
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا بۆ یەکەم جارە لە مێژووی هەرێمی کوردستان گەشتوگوزار بووەتە خاوەنی یاسایەکی تایبەت بە خۆی، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو یاسایە ئێمە دەستمان کردووە بە ڕێکخستنەوەی ئەو شوێنانە.
ئاماژەی بەوەش دا "گرنگترین بڕگە لە ڕێنماییەکان بریتین لەوەی دەبێت لە 75%ـی ئەو کەسانەی لە پرۆژەی کەپرە گەشتییاریییەکان کار دەکەن، کارمەندی خۆماڵی بن، چونکە ئامانجمان بەدەرخستنی دەستی کاری ناوخۆییە.
لەلایەکی دیکەوە فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران باسی لەوەکردبوو، یەکێک لەخواستەکانی خودی سەرۆکی حکوومەت ئەوەبووە سۆران ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش.
ئاماژەی بەوەش کرد، 20 تا 30 مۆڵەتی گەشتیاریی هەبووە لەو سنوورە، ئێستا گەیەندراوەتە 156 مۆڵەت گەشتیاریی، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بوو بەوەی کە گەشتوگوزار بتوانێت چاودێرییەکی چڕتر بخاتە سەر کارو پرۆژەکانی کەرتی گەشتوگوزار، کە هەم خزمەتی گەشتیاران بکات، هەم کواڵێتی پرۆژەکان بەرزتر بکاتەوە.
سۆران یەکێک لەو دەڤەرانەی کوردستان کە زۆرترین شوێنی گەشتیاری هەیە و لە وەرزە جیاوازەکاندا زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها پێشبینیش دەکرێت ئەم ساڵ زیاتر لە هەشت ملیۆن گەشتیاری دەرەوە و ناوخۆیی بێنە هەرێمی کوردستان.
بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو، ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دوو بەرامبەر و زیاتر بەرز بووەتەوە، ساڵی ڕابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها دەستەی گەشتوگوزار پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2030، ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بگەیەنەتە 20 ملیۆن گەشتیار.