لە ساڵیادی ڕووداوەکەی حەمدانییە، داوادەکرێت تۆمەتباران سزا بدرێن

"هاوپەیمانێتییەکانی کریستیان و حامۆرابی، سوپاسی مەسرور بارزانی دەکەن لەسەر هاوکارییکردنی قوربانیانی ڕوداوەکە"

لە ساڵیادی ڕووداوەکەی حەمدانییە، هەریەک لە هاوپەیمانێتییەکانی کریستیان و حامۆرابی، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن و داواش لە حکوومەتی عێراق دەکەن، سزای ئەو کەسانە بدرێت، کە بەرپرسیاری ڕووداوەکەن.

هاوپەیمانی کریستیان و حامۆرابی لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کارەساتە گەورەکەی حەمدانییە، ئێمە لە هاوپەیمانێتی کریستیان و هاوپەیمانێتی حامۆرابی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین، کە هەموو هەوڵێکیان بۆ سزادانی بەرپرسانی ئەو کارەساتە بخەنەگەڕ.

هەروەها هاوپەیمانێتی کریستیان و حامۆرابی، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن، ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوە، وەکو شەهیدی پلەیەک بیانناسێنن و گرنگی تایبەت بە بریندار و کەسوکاری قوربانییەکان بدەن، کە تاوەکو ئێشتاش لە شۆکێکی گەورەدان و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروون و جەستەیاندا هەیە.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەرگیز هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاری خێرا و ڕاستەوخۆ بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی کارەساتەکە لەبیر ناکەین، بەتایبەت هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە خودی خۆی ڕاستەوخۆ لەسەرەتای ڕووداوەکە دەستوەردانی کرد و هەموو هاوکارییەکی حکوومەتی بۆ هاوکاریکردنی قوربانییەکانی ڕووداوەکە کرد.

لە 26ـی ئەیلوولدا، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانیە، ئاگرێک کەوتەوە کە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، کە بەشێک لە بریندارەکان ڕەوانەی شاری هەولێر کران بۆ چارەسەرکردن، هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرزوو ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.

ئەوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "دەزگا ئەمنییەکان 14 تۆمەتباریان لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکرد، لەنێویاندا 10 کرێکار، خاوەنی هۆڵەکە، هەروەها 3 کەسی دیکە کە تێوەگلاون لە گڕگرتنی یارییە ئاگرینەکان لەکاتی ڕووداوەکەدا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150 کەس و بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکە.