پەرلەمانتارێک: تورکیا هەموو ڕێککەوتنەکانی پرسی ئاو لەگەڵ عێراق پێشێل کردووە

ئەمڕۆ هەینی، حوسێن مەردان، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان، پێشێلکارییەکانی تورکیای سەبارەت بە پشکی عێراق لە ئاو ئاشکرا کرد، هاوکات پێشنیاری چارەسەرێکی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاو لە عێراق خستەڕوو.
حوسێن مەردان بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، وەک لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەیوەندی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی سامانەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵ هەبووە و دەرکەوت کە تورکیا پابەند نەبووە بە هەموو بڕیارەکانی پێشوو و ئەو بڕیارانەی کە لە نێوان حکوومەتی عێراق و تورکیادا دراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ لایەنی تورکیا ڕێککەوتن لەسەر بەردانەوەی ئاو بە بڕی 700 هەزار مەتر چوارگۆشە، بەڵام تەنها 300 هەزار یان 180 هەزاری بەرداوەتەوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی هەموو ڕێککەوتنەکان دادەنرێت"، دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق بەرژەوەندیی گەورەی لەگەڵ تورکیادا هەیە، لەوانەش بازرگانی و پرسی ئەمنی".
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: لە سەردانەکەماندا بۆ لای سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کۆماری عێراق، داوامان کرد چارەسەری واقیعی بدۆزینەوە بۆ سنووردارکردنی ئەو پێشێلکارییانە، هەروەها لە کۆنفرانسی ئاوی ئەندەنوسیادا داوامان لە تورکیا کرد، کە بەشداری لە ڕێککەوتنی دەریا هاوبەشەکان و ئاوە هاوبەشەکان بکات، چونکە ئەم ئاوانە بۆ هەموو وڵاتانە نەک تەنها تورکیا".
جەختیشی کردەوە، "بڕی ئەو ئاوەی لە تورکیاوە بۆ عێراق دێت زیاترە لە 87%، هەروەها لە 7% لە ئێرانەوە دێت و لە 8% یش ئاوی ناوخۆییە. کە عێراق بۆ دابین کردنی ئاو پشت بە ئاوی تورکیا دەبەستێت".
سەبارەت بە چارەسەری قەیرانی ئاویش، مەردان ئاشکرایکرد، "پێویستە سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بکات، چونکە بودجەی ئەم وەزارەتە بە نەگبەت دادەنرێت و توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکەی بەشێوەیەکی ڕیشەیی نییە.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و پێنج ترلیۆنیش بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ مۆدێرنکردنی ئاودێری تەرخان بکرێت، "جگە لەم چارەسەرانە، عێراق و جووتیارەکان بەردەوام بەدەست قەیرانی وشکەساڵی گیرۆدەدەبن.