کامالا هاریس: سازشکردنی ئۆکرانیا لەسەر خاکی خۆی، خۆ ڕادەستکردنە نەک ئاشتی

کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیای دڵنیا کردەوە، کە پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ گەلی ئۆکرانیا پتەوە.

هاریس لە کۆشکی سپی بە زێلێنسکی گوت: "گەلی ئۆکرانیا بە بوێریەوە بەرگری لە ماڵ و نیشتمان و ئازادی و دیموکراسی خۆیان دەکەن، لە بەرامبەر دیکتاتۆرێکی دڕندە"، کە مەبەستی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بوو.

کامالا هاریس ئیدانەی ئەو پڕۆژە بڕیارانەشی کرد کە داوا لە ئۆکرانیا دەکەن "ڕادەست بێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو بانگەوازانەی کە نەیارە کۆمارییەکان کردوویەتیان.

کاندیدەکەی دیموکراتەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پێشنیازانە ئەوە بووە ئۆکرانیا بەشێکی زۆری خاکی خۆی بداتە ڕووسیا، کە ئەمە پێشنیاری ڕادەست بوونە نەک ئاشتی.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ئەمەریکایە. ئامانجی سەردانەکە، پێشکەشکردنی پلانێکی تۆکمەیە وەکو نەخشەڕێگەیەک، تا بیخاتە بەردەم جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و هەردوو پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی، دۆنالد ترەمپ و کامالا هاریس.

سەردانەکەی ئەم جارەی زێلێنسکی وردتر دیارە، وێڕای هەوڵەکانی بۆ ئاشتی و داواکردنی لە هاوپەیمانانی بۆ هاوکاریکردنی پرۆسەی ئاشتی پێێشنیاز کراو، سەردانی کارگەی چەکێشی کردووە. وادیارە ئەمە پلانی دووەم بێت لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستان و ئاشتی.

سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی کارگەی چەک و تەقەمەنی سکرانتۆن – ی سەربازی پێنسیلڤانیا کرد بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی و کڕینی چەک بۆ وڵاتەکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕووسیا.

ئەم کارگەیە یەکێکە لەو دامەزراوە کەمانەی لە وڵاتەکەدا هەیە کە تۆی 155 ملم دروست دەکات و ئۆکرانیا تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن گولـلـە تۆپی بە دەست گەیشتووە.