زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕان: دەمانەوێت بە هەڵبژاردن ڕێکخەری گشتی دابنرێت
K24 – هەولێر:
زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایدەگەیەنن، "لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا ڕێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت، دەمانەوێت بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێ، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بە کودەتا و بە وەکالەت دابنرێت، ئەمەش لە دونیادا نموونەی نییە!".
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، "ئێمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزووتنەوەی گۆڕان لە باژێروانەکان، ڕەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستوور ڕێگری لە پیلان و کودەتا دەکەین. دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا دانراوە.
زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێن: لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا ڕێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن ڕێکخەری گشتی دابندرێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بە کودەتا و بە وەکالەت دابنرێت، ئەمەش لە دونیادا نموونەی نییە!.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی گۆڕان:
هاونیشتیمانیانی بەڕێز
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان
پارێزگاری سلێمانی
دامودەزگا ئەمنیەکان
هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کوردستان و رەوەندی کوردی
ئێمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزوتنەوەی گۆڕان لە باژێروانەکان، رەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستور رێگری لە پیلان و موئامەرە ئەکەین. رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانون کردووە. بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندووە. دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە.
لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێ. ئەوان ئەیانەوێ بە کودەتا و وەکالەت دابنرێ. ئەمەش لە دنیادا نموونەی نیە!
رێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش (٣) ساڵ لە ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١ لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیەندراوی رەسمیان بڵاو کردەوە. لە هەمان کۆبونەوەدا جڤاتی نیشتیمانی لە راگەیەندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشیان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و ناقانونیە.
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە. نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی! بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییە بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە.
ئەوەی تاقمێک کەس پێی هەستاون و بە نیازن بە موئامەرە و لە ژێر ناوی کۆبونەوەی رێزلێنان و دەستبەکاربوون ئەنجامی بدەن بە هەموو شێوەیەک رێی لێ ئەگرین. نیازی پشت ئەو کارە لە ناوبردنی بزوتنەوەی گۆڕانە. بەرپرسیارێتی تاریخی، قانونی و سیاسی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیلانگێڕانە.
ئەوان لە کۆبونەوە تایبەتیەکان و لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئێمەدا بە ئاشکرا ئەڵێن شەڕ و ئاژاوە دروست ئەکەن و ئینشیقاق ئەکەن. بێباکن لە ئەنجامدانی تاوان.
لەبەرئەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێراو بڕیارماندا مەکۆی سەرەکی (گردی زەرگەتە) تا کاتێکی نادیار دابخرێت بۆ رێگری لە ئاژاوە و لە پێناو سەلامەتی هەموواندا. ئەوان بێباکن لە هەموو کارێکی خراپ.
ئەرکی دامەزراوە رەسمیە حکومیەکان و پارێزگار و دەزگا ئەمنیەکانەوە هێمنی و ئاسایش بپارێزن.
زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی هەڵبژێردراو