ئیسرائیل بە چڕی باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد
K24 – هەولێر:
سوپای ئیسرائیل بە چڕی باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد و ئامانج لە بۆردومانەکەش کووشتنی حەسەن نەسوڵڵا بووە، کە تا ئێستا نازاندرێت کوژراوە یان نا.
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 مێدیای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بە چڕی باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد و ئامانجیشیان کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمنیداری حزبوڵڵای لوبنانی بووە.
ئاماژەی بەوە دا، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بنکەی سەرکردایەتی حزبووڵڵا بە ئامانج گیراوە. مێدیای حزبووڵڵاش دەڵێت: چوار باڵەخانە لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل خاپوور کران.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، دوو کەس بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژران و 76 کەسی دیکە بریندرار بوونە. وەزارەتەکە پێشبینی کردووە کە لە ئەنجامی لابردنی داروپەردووی باڵەخانەکان ژمارەی قوربانییەکان بەرز بێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، هێشتا دڵنیا نیینە کە ئایا حەسەن نەسروڵڵا لە کاتی بۆردومانەکەدا لەناو بارەگای فەرماندەیی ناوەندیدا بووە یان نا.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ئەمەریکای لە بۆردومانکردنی باشووری بەیرووت ئاگادار کردووەتەوە، هەروەها کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە پشتڕاستی کردەوە، کە واشنتن لە هێرشەکەی ئاگادار کراوەتەوە.
لە بەرانبەردا جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا ڕایگهیاندووه، ئاگهداری هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر حزبوڵڵا نهبووه و بهشداریش نهبوونه.
باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری بەیرووت کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تاوانە سەرکۆنەکراوە و ڕەفتارە بێباکانە نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەکەن لە ناوچەکە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی سیاسی ئیسرائیل، بڕیاری تیرۆرکردنی نەسروڵڵا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو درا. ئیسرائیل لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێکی زۆری سەرکردایەتی باڵای گرووپی حزبووڵڵای بە ئامانج گرتووە.
بالفيديو: لحظة استهداف الضاحية بغارات عدة pic.twitter.com/N7Q8TAIBNI
— هنا لبنان (@thisislebnews) September 27, 2024
ئەم بە ئەمانجگرتنانە دوای گوتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هات، کە لە بارەگای کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بەڵێنی دا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی حزبوڵڵا بەردەوام بێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، شەڕی لوبنانییەکان ناکەین بەڵکوو شەڕی حزبوڵڵا دەکەین، هەروەها ئێمە شەڕ بۆ مانەوە دەکەین.
جەختی لەوەش کردەوە، شەڕ دژی حەماس و حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە ئەنجامی بۆردومانەکان زۆرینەی سەرکردەکانی حزبوڵڵا کوژراون. هاوکات گوتیشی: ڕێگە بە بوونی حزبوڵڵا لە بەرەی باکوور نادەین.
هەروەها لەلایکی دیکەوە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڵێنی شکستپێهێنانی "دوژمنان"ـی ئیسرائیلی داوە.
ئەمەش هیواکان بۆ ئەگەری جێبەجێکردنی ئاگربەستی 21 ڕۆژە کەمکردەوە کە فەرەنسا و ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا، هەوڵیان بۆ دەدا.
له ناوهڕاستی ئهم مانگه ئیسرائیل ڕایگهیاند، چهقی قورسایی ئۆپهراسیۆنهكانیان له باكوورهوه بهرهو سنوورهكانی لوبنان گواستووهتهوه بۆ ئهوهی ڕێگه بۆ گهڕانهوهی ههزاران ئاواره خۆش بكهن تا بگهڕێنهوه ناوچهكانیان كه به هۆی هێرشی حزبوڵڵاوه ناوچهكانیان بەجێهێشتووه.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.