عێراق ههوڵی كۆنترۆڵكردنی سنوورهكان دهدات
K24 – هەولێر:
عێراق هەوڵێ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتان دەدات و بۆ ئەو مەبەستە چەندین رێککەوتنی ئەمنی ئیمزا کردوون عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناخۆی عێراق دەڵێت: 95% سنووری سووریا پارێزراوە و لەگەڵ تورکیا و ئێران رێککەوتنی هاوبەشیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
نەبوونی ئاسایش و کۆنتڕۆڵێکی باش لە سنوورەکان، عێراقی تووشی چەندین کێشە و نەهامەتی کردووەتەوە، ئێستا حکوومەتی عێراق دەوێت پەند لە ڕابردووە وەربگرێت و هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنوور چڕتر بکاتەوە.
سنووری تورکیا، ئێران و سووریا، ئەو ناوچانەن عێراق دەوێت، لە ڕێگەی دانانی کامێرای چاودێری و زیادکردنی پاسەوانی سنوور چاودێرییەکی زیاتریان بۆ دەستەبەر بکات.
عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت؛ درێژیی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زیاتر لە سێ هەزار و 500 کیلۆمەترە، لە نێویاندا 620 کیلۆمەتر لەگەڵ سووریا 1500 کیلۆمەتر لەگەڵ ئێران. جەختی لەوە کردەوە کە "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا زیاتر لە 95% پارێزراون."
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکاندا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرای بەکاردەهێنین و توانای کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تا ڕادەیەکی بەرز پتەوتر کراوەتەوە.
وەزیری ناوخۆی عێراق دەشڵێت: لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوویداوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاسایشی وڵات هەبووە بە ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆریستان.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران، شەممەری ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکی ئەمنییان لەگەڵ ئێران هەیە، چۆڵکردنی بارەگای ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سنوور و چۆڵکردنیان و گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی دیکە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزە سنوورییەکان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و وەزیری ناوخۆی هەرێم.
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوور لەگەڵ تورکیا، ئاماژەی بەوەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا لێژنەیەک پێکهێنراوە و تەرخانکراوی دارایی بۆ دروستکردنی ئێشگری هاوبەش دابینکراوە و 30 بنکەی ئێشکگری درووست دەکەن.