سوپای ئیسرائیل: حەسەن نەسروڵلامان کوشت

ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەیینی، 27-09-2024، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، بێجگە لە حەسەن نەسروڵلا؛ لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەینیدا؛ هەر یەکە لە عەلی کەرکی، فەرماندەی بەشی باشوور و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی باڵای حزبوڵڵا کوژراون.
هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".
تاوەکوو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حزبوڵلای لوبنانی بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی نەسروڵلای ڕانەگەیاندووە؛ هەروەها دوێنێ هەیینی، بەرپرسێکی باڵای حزبوڵلا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو "حەسەن نەسروڵلا لە شوێنێکی سەلامەتە و لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ڕزگاری بووە".
ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد؛ ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی نەسروڵڵا بوو. هەر چەندە مێدیاکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە کوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلایان ڕاگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بە فەرمی ئەوەیان ڕانەگەیاندبوو.
حەسەن نەسروڵلا کێیە؟
- ساڵی 1960 لە قەزای مەتنی لوبنان لە دایک بووە.
- ساڵی 1982بەشداریی دامەزراندنی حیزبوڵلای لوبنانی کرد.
- ساڵی 1989 بۆ خوێندنی ئاینی چووەتە ئێران.
- ساڵی 1992 بووەتە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلا.
- ساڵی 1992 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنانی کرد و هەشت کورسی بە دەست هێنا.
- پۆستەکانی لە حیزبوڵلا: بەرپرسی ناوچەی بەیروت، بەرپرسی باشووری لوبنان و ئەمینداری گشتیی حزبەکە.
- ساڵی 2008 ژەهرخوارد کرا، بەڵام ڕزگاری بوو.
- ژنی هێناوە و پێنج منداڵی هەیە.
- کوڕێکی لە شەڕی ئیسرائیل کوژراوە.