حزبوڵلا بۆمبارانی فڕۆکەخانەی ڕامات دەیڤیدی ئیسرائیلی کرد

شوێنێکی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی ئیسرائیل
شوێنێکی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی ئیسرائیل

ئەمڕۆ شەممە، حزبوڵلای لوبنان بە مووشەکی "فادی1" هێرشی بۆ سەر شارۆچکەی کاپری ئیسرائیلی دەست پێ کرد و بە مووشەکی "فادی 3" بنکە و فڕۆکەخانەی ڕامات دەیڤیدیان کردە ئامانج.

لە بەیاننامەکەی حزبوڵلادا هاتووە: بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەڵەستینی خۆڕاگری کەرتی غەززە و بۆ پشتیوانیی لە خۆڕاگری ئازا و شەرەفمەندانەیان و بەرگریی لە لوبنان و گەلەکەی، وەڵامی داگیرکاریی بەربەریانەی ئیسرائیل بۆ سەر شار و گوند و خەڵکی مەدەنی، بە مووشەکی فادی1، ئەمڕۆ شەممە، بنکە و فڕۆکەخانەی ڕامات دەیڤیدمان بۆمباران کرد.

هەروەها مووشەکی یەک لە دوای یەک بەرەو باکووری ئیسرائیل ئاراستە کراوە و لە دەیان شوێنی ئاکنجیدا دەنگی ئاگادارکەرەوە بیستراوە.

لە ڕۆژئاوای جەلیل و ناوەڕاستی جەلیل، ڕۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ، لە ناوچەی کەنار دەریا، دۆڵی یەزرەعیل، وادی عارا، باشووری حەیفا، شاری عکا، باکووری کەناری ڕۆژئاوا و ناوچەی کرمیل دەنگی داوەتەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلا، دوای ئەوەی فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە تا ئێستە هێرشی توندیان بۆ سەر ناوچەکانی لوبنان دەست پێ کرد.

هەزاران لوبنانی لە باشوورەوە بەرەو بەیرووت و باکوور ئاوارە بوون و حکوومەتی لوبنان کردنەوەی قوتابخانەکانی داڵدەدانی ئاوارەکانی ڕاگەیاند.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوێندی خوارد هێرشی زیاتر بکات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان فراوانتر بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی ئیسرائیل دەیکات "گۆڕینی هاوسەنگی هێز"ە.

لای خۆیەوە، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایدەگەیەنێت "لە 24 کاتژمێری ڕابردوو سێ جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل".

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە دوو ڕاگەیەندراودا بڵاوی کردووەتەوە "لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا سێ جار لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشیانکردووەتە سەر ئیسرائیل".

باس لەوەش دەکەن "هێرشیان کردووتە سەر ناوچەی جۆلانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلیان لە باکووری ئەو وڵاتە و  ئامانجەکەشیان پێکاوە.

جەخت لەوەش دەکەنەوە؛ بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەڵەستین و دانیشتوانی غەززە، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

Fly Erbil Advertisment