سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی بەیرووت دەکات

وێنەی فڕۆکەیەکی لوبنانی
وێنەی فڕۆکەیەکی لوبنانی

شەممە، 28ـی ئەیلوولی 2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵڵای لوبنان نادەن، بە تایبەت لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیرووتەوە.

دەشڵێت، ئاگاداری گواستنەوەی چەکی ئێرانن بۆ حزبوڵلا و دووپاتیشی كردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانیان بەچڕی چاودێریی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت دەدەن و ڕێگە نادەن بكرێتە ناوەندێكی سەربازییە و پێویستە وەكوو فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی بمێنێتەوە.

ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد؛ ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی نەسروڵڵا بوو. هەر چەندە مێدیاکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە کوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلایان ڕاگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بە فەرمی ئەو چەندەیان ڕانەگەیاندبوو.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.

Fly Erbil Advertisment