سوپاسالاری ئیسرائیل: هەرکەسێک هەڕەشەمان لێ بکات، لەناوی دەبەین

سوپای ئیسرائیل دیمەنی ژووری ئۆپراسیۆنی کوشتنی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری حیزبوڵای لوبنانی بڵاو کردەوە، تیایدا هێرزی هالێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت؛ ئەمە کۆتا کاریان نابێت و شتی دیکە دەکەن.

هالێڤی گوتیشی: هەرکەس ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، لەناوی دەبەین.

سوپاسالاری ئیسرائیل ڕاشیگەیاند "ئەمە کۆتا کارەمان نابێت و شتی دیکەمان لە توانادایە. با ئەمە ڕوون بێت ڕێکاری دیکەمان لەبەردەستدایە، پەیامەکەش ڕوون و سادەیە. هەرکەسێک هەڕەشە لە هاووڵاتییەکانمان بکات، پێی دەگەین و لەناوی دەبەین، لەباکووری بێت یاخود باشوور، گرنگ نییە چەندە لێمانەوە دوور بێت.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد؛ ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی نەسروڵلا بوو. هەر چەندە مێدیاکانی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە کوژرانی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلایان ڕاگەیاند، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بە فەرمی  ڕایان نەگەیاندبوو.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.

Fly Erbil Advertisment