خامنەیی: بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی چارەنووسی ناوچەکە دیاری دەکات

عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕێبەری باڵای ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو هێزەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی لە ناوچەکە لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانن و پشتیوانیی لێ دەکەن.

شەممە، 28-09-2024، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و کوشتنی گەورە بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی، بڵاو کردەوە.

خامنەیی پێی وایە "کوشتنی بەکۆمەڵی ژنان و منداڵان و خەڵکی سڤیلـی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلیەوە ناتوانێت کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی تۆکمەی ڕێکخراوی حزبوڵلای لوبنانی هەبێت یان لەناوی ببات". دووپاتیشی دەکاتەوە "بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر لەوە بچووکترن بتوانن زیانی بەرچاو بە ژێرخانی بەهێزی حزبوڵڵا بگەیەنن".

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە "هەموو هێزەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی ناوچەکە، لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانن و پشتیوانیی لێ دەکەن. چارەنووسی ئەم ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی مقاوەمەوە دیاری دەکرێت، لەسەرووی هەمووانەوە حزبوڵلا".

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بە ئامانجی کوشتنی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی چڕ کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستا زۆرینەی بەرپرسانی حزبەکەی کوشتووە.

ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حیزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنانی و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەیینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.

هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".