حزبوڵلا کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای ڕاگەیاند

ئاڵای حزبوڵڵای لوبنانی و وێنەیەکی حەسەن نەسروڵلا
ئاڵای حزبوڵڵای لوبنانی و وێنەیەکی حەسەن نەسروڵلا

حزبوڵڵای لوبنانی بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

شەممە، 28-09-2024، حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان، سەلماند.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا، بۆمباران کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنان و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.

هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بە ئامانجی کوشتنی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی چڕ کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستا زۆرینەی بەرپرسانی حزبەکەی کوشتووە.

حەسەن نەسروڵلا کێیە؟

- ساڵی 1960 لە قەزای مەتنی لوبنان لە دایک بووە.

- ساڵی 1982بەشداریی دامەزراندنی حیزبوڵلای لوبنانی کرد.

- ساڵی 1989 بۆ خوێندنی ئاینی چووەتە ئێران.

- ساڵی 1992 بووەتە ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلا.

- ساڵی 1992 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنانی کرد و هەشت کورسی بە دەست هێنا.

- پۆستەکانی لە حیزبوڵلا: بەرپرسی ناوچەی بەیروت، بەرپرسی باشووری لوبنان و ئەمینداری گشتیی حزبەکە.

- ساڵی 2008 ژەهرخوارد کرا، بەڵام ڕزگاری بوو.

- ژنی هێناوە و پێنج منداڵی هەیە.

- کوڕێکی لە شەڕی ئیسرائیل کوژراوە.

Fly Erbil Advertisment