سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیاند

سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای لە لایەن ئیسرائیلەوە، لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند.
سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی جەنەراڵ عەباس نیلفوروشان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی لە هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024ـی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.
لە هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی حزبوڵلای لوبنان بە سەرۆکایەتیی حەسەن نەسروڵڵا بۆمباران کرا؛ هەر یەکە لە سوپای ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی، کوژرانی حەسەن نەسروڵلایان لە هێرشەکەدا ڕاگەیاند.
بە گوێرەی زانیارییەکان، عەباس نیلفوروشان و چەندان فەرماندەی باڵای دیکەی سوپای پاسداران و حزبوڵلای لوبنانی لە کۆبوونەوەکەدا بوون و زۆرینەیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کوژراون.
هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".
ماوەی چەند هەفتەیەکە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بە ئامانجی کوشتنی بەرپرسانی حزبوڵلای لوبنانی چڕ کردووەتەوە و تاوەکوو ئێستا زۆرینەی بەرپرسانی حزبەکەی کوشتووە.
ئەمڕۆ شەممە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "کوشتنی بەکۆمەڵی ژنان و منداڵان و خەڵکی سڤیلـی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلیەوە ناتوانێت کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی تۆکمەی ڕێکخراوی حزبوڵلای لوبنانی هەبێت یان لەناوی ببات". دووپاتیشی دەکاتەوە "بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر لەوە بچووکترن بتوانن زیانی بەرچاو بە ژێرخانی بەهێزی حزبوڵڵا بگەیەنن".
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە "هەموو هێزەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی ناوچەکە، لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانن و پشتیوانیی لێ دەکەن. چارەنووسی ئەم ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی مقاوەمەوە دیاری دەکرێت، لە سەرووی هەمووانەوە حزبوڵلا".