شارەوانیی هەولێر: سزای ئەو کاندیدانە دەدەرێت کە سەرپێچیی ڕێنماییەکانیان کردووە
ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدان سەرپێچیی ڕێنماییەکانیان کردووە، بۆیە هەندێک لایەن و کاندیدان ئاگادار کراونەتەوە بە زووترین کات پۆستەرەکانیان لەو شوێنانە لا بدەن، ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
شەممە، 28ـی ئەیلوولی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەکی زۆری کاندیدەکان پابەند نەبوون بەو ڕێنماییانەی کە بڵاو کراوەتەوە، بۆ ئەوەی وێنەکانیان یاخود پۆستەرەکان بەڕێکی لەو شوێنانەی دیاری کراوە، دابنێن.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: ئێمە لەگەڵ هاتوچۆی هەولێر هەماهەنگین و لە پەیوەندییان بۆ ئەوەی بتوانین چۆن سزای ئەو کاندیدانە بدەین کە سەرپێچی ڕێنماییەکانیان کردووە.
کارزان هادی ڕاشیگەیاند "ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش لەسەر هێڵێن، چونکە ئەو ڕێنماییانەی دەرچوونە، بە هاوئاهەنگیی هەموولایەنە پەیوەندیدارەکان بووە، بۆیە لای خۆمانەوە هەموو ئەو سەرپێچیانە تۆمار دەکەین و بە تۆماری فەرمی و وێنە و لۆگۆوە بۆ کۆمیسیۆنیان دەنێرین.
لای خۆیەوە خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی هەڵبژاردنەکان لە دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: هەندێک لە کاندیدەکان پۆستەرەکانیان لە شوێنی قەدەغە کراو داناوە، بۆیە داوایان لێ دەکەین لە ماوەی 48 کاتژمێردا پۆستەرەکان لا بدەن.
خالد عەباس، گوتیشی: چەند لایەنێکی سیاسی و کاندیدانی سەربەخۆ بۆ ئەو بابەتە ئاگادار کراونەتەوە و داوایان لێ کراوە لەو ماوەی دیاری کراوە پۆستەرەکانیان لا ببەن ئەگەر نا تووشی سزایی توند دەبنەوە.