بەم زووانە نەخۆشخانە مۆدێرنە 100 قەرەوێڵەییەکەی شێلادزێ دەکرێتەوە
بەم نزیکانە نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکەی شیلادزێ دەکرێتەوە کە لە چوار نهۆم و شەش هۆڵی نەشتەرگەری پێک دێت.
شەممە، 28-09-2024، وارشین سەلمان، قائیمقامی ئامێدی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەم زووانە نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەیییەکەی شێلادزێ دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شێلادزێ و ئامێدی.
وەکوو ئەوەی قائیمقامی ئامێدی باسی کرد، گوژمەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە کە دەکەوێتە کۆمەڵگەی هێتۆتێ لە ناحیەی شێلادزێ، 43 ملیۆن دۆلارە و و ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی پێشکەوتووی بۆ دابین کراون.
ڕووبەری نەخۆشخانە100 قەرەوێڵەیییەکە 43 ھەزار مەتر دووجایە؛ لە چوار نهۆم، ژێرزەمینێک و شەش هۆڵی نەشتەرگەریی پێک دێت و بە شێوەیەکی سەردەمییانە بنیات نراوە. شوێنی مانەوەی پزیشک، نیشتنەوەی ھێلیکۆپتەر و پارککردنی ئۆتۆمبێلی تێدا هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە، 7-9-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگاری دهۆك لە ڕێوڕەسمێكدا بەردی بناغەی پرۆژەکەی دانا.
لە سنووری پارێزگای دهۆک لە ماوەی پێنج ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 29 پرۆژە لە کەرتی تەندروستیدا جێ بەجێ کراون.
لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی حکوومەتی نوێ لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون؛ بەمەش ژمارەی نەخۆشخانە حکوومەتییەکان گەیشتووەتە 45 نەخۆشخانە.
لە بواری دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، هاوکات دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بووە، بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزرێندراون، بەمەش ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بوو بە 41 کارگە.