چۆن لاشەی حەسەن نەسروڵلا دۆزراوەتەوە؟

دیمەنی باڵەخانەیەکی وێرانبووی بەیرووت بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل (وێنە: AFP)
دیمەنی باڵەخانەیەکی وێرانبووی بەیرووت بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل (وێنە: AFP)

لاشەی حەسەن نەسروڵلا لە تەنیشت لاشەی عەلی کیکی، لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی وێرانبووی بەیرووتدا دۆزراوەتەوە.

فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئیسرائیل کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت؛ بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، چەکدارانی حزبوڵلای لوبنانی، لاشەی حەسەن نەسروڵلایان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی وێرانبووی باشووری بەیرووتدا دۆزیوەتەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لاشەی حەسەن نەسروڵلا لە تەنیشت لاشەی عەلی کەرەکی، فەرماندەی بەرەی باشووری حزبوڵلا دۆزراوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چەند خولەکێکدا بە 80 بۆمب شوێنی مانەوەی نەسروڵلادا بۆمباران کراوە.

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئیسرائیل پێی وایە، بەمزووانە "هاشم سەفیەددین" وەک ئەمینداری گشتیی نوێی حزبوڵلای لوبنانی لە جێگەی حەسەن نەسروڵلا دەستنیشان دەکرێت.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی دیکەی باڵای ئەمنیی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای هەواڵگیریی ئیسرائیل (موساد) چەند مانگێک پێش ئێستا بە شوێنی مانەوەی حەسەن نەسروڵلای زانیوە، بەڵام دوێنێ بڕیاری کوشتنی ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلایان دەرکردووە. 

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا، بۆمباران کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنان و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوێنێ هەینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.

هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵلا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".