بەغدا.. دژی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا خۆپیشاندان دەستی پێکرد

خۆپیشاندان لە بەغدا
خۆپیشاندان لە بەغدا

K24 – هەولێر:

لە بەغدا دژی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا خۆپیشاندان دەستی پێکرد و خۆپیشاندەران وێنەی نەسروڵڵایان بەرز کردووەتەوە و دەیانەوێت بچەنە سەر باڵوێزانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز.

شەممە 28ـی ئەیوولی 2024 لە بەغدا بەشێک لە هاووڵاتییان، دژی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و وێنەی نەسروڵڵایان بەرز کردووەتەوە، مەبەستیانە بڕۆنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز.

هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز بڵاوەیان پێکراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە خۆپیشاندەران بکەن تا نەتوانن بێنە ناوچەکە، هەروەها یەکێک لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە ناوەڕاستی بەغدا داخراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا ڕێنمایی بۆ باڵیۆزخانەکانی لە عێراق و سووریا دەرکردووە بۆ ئەوەی لە ئامادەباشی دابن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.