ئیسرائیل جارێکی دیکە باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد

K24 – هەولێر:
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوای بە ئامانجگرتنی شوێنی کۆبوونەوەی حەسەن نەسروڵا و کوشتنی ناوبراو، ئەمڕۆ جارێکی دیکە باشووری بەیرووتیان بۆردومان کرد.
شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، درێژەیان بە هێرشەکانیان دا و جارێکی دیکە هێرشیان کردەوە سەر باشووری بەیرووت.
بەپێی هەواڵی مێدیا نێودەوڵەتییەکان، ئیسرائیل لە بۆردومانکردندا تیشکی خستووەتە سەر ناوچەی بورج بەراجنە لە باشووری بەیرووت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کۆمپانیایەکی پیشەسازییان لە ناوچەی کوکودی کە باشووری بەیرووت کردووەتە ئامانج.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.