ناتانیاهۆ: هێشتا ئەرکەکەمان کۆتایی نەهاتووە

K24 – هەولێر:
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئەوەی هێرشمان بکاتە سەر گورزی لێدەوەشێنین، هەروەها لەبەردەم وەچەرخانێکی مێژووییداین.
شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا،"هاووڵاتییانی ئیسرائیل، ئەمانە ڕۆژانێکی گەورەن و وادەردەکەوێت، لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویداین.
جەختی لەوە کردەوە، لەناوبردنی نەسروڵڵا گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان بۆ ماڵەکانیان لە باکوور و گەڕاندنەوەی بارمتەکانیان لە باشوور بەرەو پێشەوە دەبات.
هاوکات گوتیشی: هەر کەسێک هێرشمان بکاتە سەر، ئێمەش هێرشیان دەکەینە سەر، لە گورز وەشاندن لە دوژمنەکانمان ڕژدین، هەروەها هێشتا ئەرکەکەمان کۆتایی نەهاتووە.
ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.